
یاریگا –
فرێنکی دی یۆنگ، ئەستێرەی هۆڵەندی دوابڕیاری خۆی لەبارەی چارەنووسەکەی لە بارسێلۆنا داوە.
گرێبەستی ئێستای دی یۆنگ لە هاوینی ساڵی 2026 لە بارسێلۆنا بەسەردەچێت و یاریزانەکە دەیەوێت لە بارسا بمێنێتەوە.
رۆژنامەی موندۆ دێپۆرتیڤۆ بڵاویکردووەتەوە، دی یۆنگ لە بارسێلۆنا دڵخۆشە و دەیەوێت بەردەوام بێت و ئێستا یانەکە پێویستی بە دانانی خاڵە سەرەکییەکانە، تاوەکو گفتوگۆکان دەستپێبکەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەکە کاتالوونییەکە بێت، بارسێلۆنا دەیەوێت لە مانگەکانی مارس/ئادار یاخود ئەپریل/نیسان گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ دی یۆنگ دەستپێبکات.
سەرچاوەیەکی نزیک لە یاریزانەکە بە رۆژنامەکەی راگەیاندووە، دی یۆنگ لە بارسا دڵخۆشە و پێی وایە ئێستا بارسا خاوەنی پێکهاتەیەکی بەهێزە و دەتوانێت رکابەری لەسەر هەموو شتێک بکات.
دی یۆنگ لەگەڵ هانزی فلیک هاوتەریبە و هەست بە ئارامی دەکات، بۆیە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لاری نییە. پڕۆژەی وەرزشی بارسا، خاڵێکی سەرەکیی بۆ مانەوەی دی یۆنگ. بە گۆڕانکارییە کارگێڕی و داراییەکانی ئێستای بارسا، ئەوا متمانەی دی یۆنگ بە پڕۆژەی خوان لاپۆرتا زیادبووە.
عەلی دوورسون، بەڕێوەبەری کارەکانی دی یۆنگ پێی وایە ئێستا کاتی دەستپێکردنی گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەست نییە، بۆیە تاوەکو کۆتاییەکانی مانگی داهاتوو و سەرەتای ئەپریل دەوەستن.
هەڵوێستی بارسا لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستی دی یۆنگ
رۆژنامەکە بڵاویکردووەتەوە، دەستەی کارگێڕی بارسێلۆنا لە نوێکردنەوەی گرێبەستی دی یۆنگ پەلە ناکەن، بەڵکو دەیانەوێت بگەنە قۆناخی هەستیاری وەرز و دوای هەڵسەنگاندنی گشتی، ئینجا بڕیاری کۆتایی لەسەر بابەتی چارەنووسساز بدەن.
هانزی فلیک و دێکۆ هیچ گومانیان لە کوالێتی دی یۆنگ نییە، بەڵام چاوەڕێی دەرەنجامی یانەکە لە جامی شا، چامپیۆنزلیگ و لالیگا دەکەن، ئینجا دوا بڕیار لەسەر دی یۆنگ دەدەن.