دوایین پەرەسەندن؛ دیاز لە نێوان سعوودیە و بارسێلۆنا یەکێکیان هەڵدەبژێرێت
هاوکێشەکان دەگۆڕدرێن

یاریگا –
لویس دیاز، ئەستێرەی لیڤەرپوول لە رادارەکانی بارسێلۆنا ون نەبووە، بەڵام ئەمجارە یانەکانی سعوودیەش بۆ گواستنەوەی هاتوونەتە سەرهێڵ.
رۆژنامەی تۆدۆ فیچاخێس بڵاویکردووەتەوە، دیاز بووەتە ئامانجی سەرەکی نەسڕ و هیلالی سعوودی و لە ئێستاوە هەوڵەکانیان بۆ گواستنەوەی دەستپێکردووە.
نەسڕ لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا، جۆن دوران، هێرشبەری کۆڵۆمبی و هاوتیمی دیازی بەبڕی 77 ملیۆن یۆرۆ لە ئاستۆن ڤیلا گواستەوە، ئێستا هیلال دەیەوێت، بۆشایی نێیمار دا سیلڤا بە ئەستێرەیەکی گەورە پڕبکاتەوە.
گرێبەستی ئێستای دیاز لە هاوینی ساڵی 2027 لە لیڤەرپوول بەسەردەچێت و یانەکەی مێرسیساید نیازی دەستبەرداربوونی لە تواناکانی یاریزانەکە نییە.
پێشتر بارسێلۆنا زۆر هەوڵی بۆ گواستنەوەی دیازدا، بەڵام بەهۆی سنوورداری تواناکانی دارایی یانە کاتالوونییەکە، پڕۆسەی گفتوگۆکان پەرەی نەسەند.\
دیاز لە هاوینی ساڵی 2022 لە پۆرتۆی پۆرتوگالییەوە پەیوەندی بە لیڤەرپوول کرد، لەو ساتەوە 89 یاریی لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکان کردووە و خاوەنی 24 گۆڵە.