
یاریگا –
کارلۆ ئانچێلۆتی کۆبوونەوەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکەیان بەرامبەر ئۆساسونا بە هەل زانی بۆ قسەکردن لەسەر رووداوەکانی ئەو رووبەڕووبوونەوە کە 1-1 کۆتایی هات دوای ئەوەی هەر لە گێمی یەکەم و لە خولەکی 39 جوود بێلینگهام بە کارتی سووری راستەوخۆی کرایەدەرەوە بەهۆی رەخنەگرتن لە خۆزێ مونوێرا مۆنتێرۆ ناوبژیوان.
کارتە سوورەکەی جوود تاکە رووداو نەبوو کە ریال مەدریدی تووڕەکرد، بەڵکو لای یانە شاهانەکە ناوبژیوان بۆ چەند حاڵەتێکی گوماناویی نەدەگەڕایەوە بۆ پشکنینی ڤار، بەتایبەت لە خولەکی سێی دەستپێکی یارییەکە کە بەرگریکارێکی ئۆساسونا بە دەستی رێگری لە تۆپەکە دەکات و هێرشێکی ڤینیسیۆس جونیۆر دەشوێنێت. بەڵام لە خولەکی 58دا گەڕایەوە بۆ تەماشاکردنی ڤیدیۆ، دوای ئەوەی کاماڤینگا لەناوچەی سزا قاچی خستە سەر قاچی هێرشبەرێکی تیمی دژبەر ئەگەرچی تۆپیش لەنێوانیاندا دوورکەوتبووەوە، کەچی خۆزێ بە لێدانی سزا بڕیاری لەسەردا.
دوای یارییەکە ئانچێلۆتی وتی
من نیگەرانبووم چونکە دەبوایە بۆ تۆپ بەر دەستکەوتنەکەی ئەوان تەماشای ڤار بکرایەتەوە، بەڵام وادیار ئەوکاتە ڤار کاری نەدەکرد. بەڵام رەنگە دواتر بۆ حاڵەتەکەی ئەوان خستبێتیانەکار.
سەبارەت بە کارتە سوورەکەی بێڵینگهامیش، کارلۆ وتی
جوود شتی خراپی نەوت. تەنها وتی ئەگەر ئەوە فاوڵ بێت، دەبێ ئەوە منیش لێدانی سزابوایە. دواتر قسەی بە خودی خۆی وت نەک ناوبژیوان. بەڵام ناوبژیوانەکە لە ئینگلیزیەکەی جوود تێنەگەشتبوو.
راهێنەرە ئیتاڵیەکە کە لە یارییەکەدا کارتێکی زەردی وەرگرت، لەوەش پەستتربوو کە بتوانێ رای خۆی لەسەر بارودۆخەکە بڵێت کە چەند یارییەکە تیمەکەی بەدەست بڕیارە ناوبژیوانییەکانەوە گرفتارە و وتی
هەمەووکەسێ بینیویەتی سێ یاریی رابردوو چی روودەدات. بۆیە وا باشترە قسەنەکەم. ئەگەر قسە بکەم ئەوا یاریی داهاتوو لە شوێنی ئاسایی خۆم نابم.
لە بەختی یانەکەی ئانچێلۆتی، ئمەشەو ئاتلێتیکۆ مەدریدیش 1-1 بەرامبەر سێڵتاڤیگۆ یەکسان بوو. بەوەش شاهانەکان بە کۆردنەوەی 51 خاڵ و جیاوازیی 2 خاڵ لە پێشەنگ مانەوە. بارسێلۆنای رکابەریشیان خاونی 48 خاڵە و لە ئەگەری بردنەوەیان دووشەممەی ئەم هەفتەیە لە ڤاییاکانۆ، ئەوا دەچنە سەرووی ریزبەندی لالیگا.
بۆ زانینی رووداوەکانی یارییەکەی ئۆساسونا و ریال مەدرید کە مشتومڕی زۆری لێکەوتەوە، خوێنەری ئەم بابەتەبن:
ڤیدیۆیەکی تایبەتی سەرجەم دیمەنە مشتومڕهەڵگرەکانی یارییەکەی ریال و ئۆساسونا – Yariga