میلان دەستبەرداری ئەستێرە پۆرتوگالییەکەی دەبێت

یاریگا –
ئەیسی میلانی ئیتاڵی بەهۆی کورتهێنانی بودجە و کێشەی دارایی، لەم هاوینەدا دەستبەرداری رافایل لیاو، ئەستێرەی پۆرتوگالی یانەکەی دەبێت.
پێدەچێت میلان لە لێواری گۆڕانکارییەکی گەورە لە پێکهاتەکەیدا بێت بۆ وەرزی داهاتوو، یانەکە بڕیاری فرۆشتنی رافایل لیاوی ئەستێرەی پورتوگالی و یاریزانی سەرەکی پێکهاتەکەی داوە.
لاگازێتا دیلۆ سپۆرت لە هەواڵێکیدا سەبارەت بەم بابەتە نووسیویەتی، ئەم بڕیارە دەتوانێت کاریگەری قووڵی لەسەر داهاتووی یانەکە هەبێت، هەروەها لەسەر دۆخی لیاو. لە مانگەکانی سەرەتای هەموو ساڵێکدا بەزۆری یانەکان پێداچوونەوە بە لیستی یاریزانەکانیان دەکەن و لە گواستنەوەی هاوینەدا رێکیان دەخەن، میلانیش لەوە بێبەری نییە.
لەماوەی رابردوودا بارسێلۆنا هەوڵی گواستنەوەی لیاوی دەدا، بەڵام بارودۆخی دارایی و رێنماییەکانی گواستنەوەی یاریزانان رێگرییان لە گواستنەوەی لیاو کرد. بەڵام ئێستا شتەکان گۆڕاون و پێدەچێت میلان ئامادەبێت دەستبەرداری ئەستێرە پۆرتوگالییەکەی ببێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی لاگازێتا دیلۆ سپۆرت، یانەکە بیر لە فرۆشتنی تیۆ هێرناندێزی بەرگریکاری چەپیش دەکاتەوە بۆ ئەوەی رێگە بۆ کڕینی جواو فیلیکس لە چێڵسیە بە شێوەیەکی هەمیشەیی خۆش بکات. فیلیکس کە ئێستا بە خواستن لە میلان یاری دەکات، بە باشی خۆی لەگەڵ بارودۆخە نوێیەکەیدا گونجاندووە و میلانیش دەیەوێت وەک یاریزانی هەمیشەیی خۆی بیناسێنێت.
🚨 | Milan va vendre Rafael Leao cet été, et le club italien affirme que si une offre vient de Barcelone ou d’un autre grand club, l’offre sera étudiée.
(@Gazzetta_it) 🎖️ pic.twitter.com/iQquJGPHWC
— Barça News (@BarcaNewsFRA) February 15, 2025
بارودۆخی هێرناندێز و لیاو جیاوازە؛ گرێبەستەکەی هێرناندێز تا ساڵی 2026 بەردەوامە و گرێبەستی لیاویش تا ساڵی 2028 کارا دەبێت. بەڵام میلان چیتر رەتی ناکاتەوە لیاو بفرۆشێت و ئەگەر ئۆفەرێکی بەرچاویان لە لایەن بارسێلۆنا یاخود یانەیەکی گەورە پێشکەش بکرێت ئەوا بێ دوودڵی دەستبەرداری دەبن.
ئەمەش لە کاتێکدایە کە لیاو لەم وەرزەدا نەیتوانیوە ئاستێکی بەرز پێشکەش بکات و کەوتۆتە ژێر فشاری رەخنەکانەوە، هەروەها تووشی یانە ئیتاڵییەکە کێشەی دارایی هەیە و لە وەرزی گواستنەوەی یاریزاناندا رووبەڕووی کورتهێنانی 50 ملیۆن یۆرۆ بووەتەوە. بۆیە پێدەچێت فرۆشتنی یاریزانە سەرەکییەکان چارەسەرێک بێت بۆ باشترکردنی دۆخی دارایی یانەکە.