![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/02/IMG_20250214_160900-780x470.jpg)
یاریگا –
لە قووڵتربوونەوەی قەیرانی پێکانەکانی ئارسیناڵ، یاسایش یارمەتیدەر نییە ئەو یانەیە ناوی یاریزانێکی لاو بۆ تیمی یەکەم زیادبکات.
دوای ئەوەی کای هاڤێرتز بەهۆی ئەو پێکانەی لە دوبەی لە میانی کامپی زستانەی گەنەرز تووشیهات کە تا کۆتایی وەرزەکە دووریدەخاتەوە، یانە لەندەنیەکە بیری لە سەرخستنی ماکس داومانی یاریزانی تیمی ژێر تەمەن 18 ساڵان کردەوە بۆ چارەسەری بەشێک لەو بۆشاییانەی لە هێڵی پێشەوە تووشیانهاتووە. بەتایبەت کە ئێستا جگە لە هاڤێرتز، هەریەکە لە بوکایۆ ساکا، گابریێل خیسۆس و گابریێل مارتینێلیش هەر بەهۆی پێکانەوە دوورکەوتوونەتەوە.
سەرەڕای بچووکی تەمەنی کە تازە بووە بە 15 ساڵ، ماکس کە لە پێگەی ناوەڕاستی هێرشبەریی یاریی دەکات، چاوەڕێی ئاییندەیەکی گەورەی لێدەکرێت بۆ ئارسیناڵ. ئەوە بۆیە لە ئێستاوە هاوسەفەری شاندی یانەیەکە بوو بۆ ئیمارات.
بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی ماڵپەڕی Football London و زۆرێک لە سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی دیکەش کە هۆکارەکەیان ئاشکراکردووە، یاسایەک لە پرێمەرلیگ بەرکارە بەوەی تەمەنی هەر یاریزانێک دەبێت گەشتبێتە 15 ساڵ لە بەرواری 31ی ئۆگەست و پێش دەستپێکی وەرزەکە. کەچی ماکس داومان لە کۆتایی مانگی دیسەمبەری ساڵی رابردوو تەمەنی گەیشتە 15 ساڵ. بەوەش رێگەی نادرێت لەم وەرزە بۆ تیمی یەکەم یاریی بکات.
ئەو زانیارییە لەکاتێکدایە شەوی ڕابردوو فابریزۆ رۆمانۆ بڵاویکردەوە کە ئارسیناڵ بۆ مامەڵە لەگەڵ دۆخی پێکانەکانی، بیری لە چارەسەری نێوخۆیی بە سەرخستنی یاریزانە لاوەکان کردووەتەوە. هاوکات بە نیازیشه هاوین هێرشبەرێکی ئاستبەرز و یاریزانێکی باڵ بگوازێتەوە.
ئارسیناڵ چۆن بۆ مامەڵە لەگەڵ پێکانە زۆرەکانیدا دەکات و پلانەکانی چی دەبێ؟