![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/02/IMG_20250214_000528-780x470.jpg)
یاریگا –
هەولێر لە یاریی زاخۆ دەیەوێت هاندەرانی ئاشت کاتەوە و زاخۆش لە یاریگای فرانسۆ هەریریەوە بە ئامانجی بەردەوامیدان لە پێشەنگایەتی رووبەرووی یەکتر دەبنەوە.
لە گەڕی 19ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەینی ( 14ـی شوباتی 2025 ) لە یارییەکی بەهێزدا کاتژمێر 7:30ـی شەو هەولێر میوانداری زاخۆ دەکات، یارییەکە گرنگی تایبەتی هەیە بۆ هەر دوو یانە، هەولێر دوای دوو شکستی بەدوای یەک دەیەوێت جارێکی تر بگەڕێتەوە سەرکەوتن و هاندەرانی ئاشت بکاتەوە، زاخۆش نایەوێت دەستبەرداری پێشەنگی ریزبەندی بێت و بە ئامانجی سەرکەوتن بەرامبەر هەولێر یاریی دەکات.
هەولێر و زاخۆ لە مێژوودا 33 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، هەولێر 15 یاریی بردۆتەوە لە 10 یارییش یەکسان بوونە و زاخۆش هەشت یاریی سەرکەوتنی بە دەستهێناوە، هەولێر 38 گۆڵی کردووە و زاخۆش 27 گۆڵی تۆمارکردووە، یەکەم یاریی نێوانیان دەگەڕێتەوە بۆ 20 _ 9 _ 2002 لە یارییەکانی خولی نایابی عێراق بۆ وەرزی 2002 _ 2003 کە هەولێر یارییەکەی بە ئەنجامی 3 _ 1 بردەوە، گەورەترین سەرکەوتنی هەولێر لە 2 _ 1 _ 2010 بوو لە یارییەکانی خولی نایابی عێراق کە 4 _ 1 براوەبوو، گەورەترین سەرکەوتنی زاخۆ لە 30 _ 4 _ 2022 و لە 7 _ 11 _ 2024 بوو کە هەر دوو یاریی 3 _ 1 براوە بوو.
گۆڵکاری یارییەکانی نێوان هەر دوو یانە تا ئێستا لوئەی سەڵاحی راهێنەری ئێستای قوەجەوییە و هێرشبەری پێشووی هەولێرە بە تۆمارکردنی پێنج گۆڵ، زاخۆ بە 38 خاڵ لە ریزبەندی یەکەمی خولەکەیە و هەولێریش بە 28 خاڵ لە ریزبەندی هەشتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.