پریڤیوی یاری؛ هەولێر بۆ تۆڵەکردنەوە و راستکردنەوەی باری لاری لە دێربی کوردستان میوانداریی زاخۆ دەکات
پێکهاتەی پێشبینیکراو، دوا هەواڵ، ئەوەی پێویستە لەسەر یارییەکە بیزانیت
![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/02/iraq-prev-780x470.jpg)
یاریگا –
ئەمشەو کاتژمێر 07:30 لە گەڕی بیستەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەولێر لە یاریگای فڕانسۆ هەریری لە هەولێر میوانداریی زاخۆ دەکات، کە زاخۆ بووە پاڵەوانی زستانەی خولەکە و لە یەکەم یاریی قۆناخی دووەم وەکو پاڵەوانی زستانە دەبێتە میوانی یانەکەی قەڵاومنارە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا لە فەیسبووک و یوتیوب راستەوخۆ یارییەکە بە کۆمێنتاری ئارمانج محەمەد پەخش دەکات و لە ئەپڵیکەیشنی یاریگاش سات بە سات یارییەکە رووماڵ دەکات.
پێش ئەم یارییە زاخۆ لە 19 یاری قۆناخی یەکەم 38 خاڵی کۆکردەوە و بووە پاڵەوانی زستانە، کە بە تۆمارکردنی 36 گۆڵ خاوەنی بەهێزترین هێلی هێرشبردنی خولەکەیە و هەولێریش بە کۆکردنەوەی 28 خاڵ لە پلەی هەشتەم دێت.
زاخۆ دوایین سێ یاریی لە هەولێر بردووەتەوە
لە مێژووی رووبەڕووبوونەوەیاندا لە خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەولێر و زاخۆ 33 یارییان بەرامبەر یەکتری کردووە، زاخۆ 8 بردنەوە و هەولێر 15 بردنەوەی بەدەستهێناوە و لە 10 یارییەکەی دیکەش یەکسان بوون.
لە دوایین پێنج رووبەڕووبوونەوەیاندا زاخۆ سێ بردنەوەی بەرامبەر هەولێر بەدەستهێناوە، کە ئەم وەرزە لە قۆناخی یەکەمدا زاخۆ لە یاریگای خۆی 3-1 لە هەولێری بردەوە.
هەولێر لە دوایین دوو یاریی لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق تامی شکستی کردووە، بەرامبەر قوە جەوییە و نەورۆز دۆڕاوە، لەو دوو یارییە چوار گۆڵی لێکراوە بەبێ ئەوەی هیچ گۆڵێک بکات، زاخۆ بەپێچەوانەوە لە سێ یاریی رابردووی لە خولەکە بردنەوەی بەدەستهێناوە، بەرامبەر نەجەف و حدوود و قاسم سەرکەوتنی بەدەستهێناوە.
هەردوو یانە دوایین راهێنانیان بە داخراوی کرد
هەولێر و زاخۆ دوێنێ پێنجشەممە لەسەر داوای راهێنەرانیان بە داخراوی مەشق و راهێنانەکانیان کرد.
دوێنێ پێنجشەممە یانەی زاخۆ لە هەولێر دوایین مەشق و راهێنانی کرد، کە تەواوی یاریزانەکانی یانەکە بۆ یارییەکە ئامادەن، ژیلوان حەمەد و ئێچیتا دیپیوتی و ئەحمەد یاسین یاریزانانی نوێی زاخۆ بۆ یارییەکە بەردەستن، کە هێشتا ژیلوان بە سەرەکی درێسی زاخۆی نەپۆشیوە.
هەولێریش دوای دۆڕانەکەی بەرامبەر نەورۆز تواناکانی هێلیۆ مۆنتێرۆ و یوسف بن سۆدەی بۆ دەگەڕێتەوە کە لە یاریی رابردوو بەهۆی کەلەکەبوونی کارتەکانیان بێبەش بوون، بۆ ئەم یارییە بەردەست دەبن و دەگەڕێنەوە پێکهاتەکەی سەمیر بابۆ.
رێبین سولاقا بەرگریکاری نوێی هەولێر کە لە یاریی رابردوو لە دەرەوەی پێکهاتەی یانەکەیدا بوو، بۆ ئەم یارییە بەردەست دەبێت بەڵام دیار نییە لە پێکهاتەی سەرەکی دەبێت یان نا.
پێکهاتەی پێشبینیکراوی یارییەکە
هەولێر: دڵۆڤان مەهدی، هەڵۆ فایەق، عەباس یاسین، هێلیۆ مۆنتێرۆ، خالید کوردۆغلی، ئوسامە رەشید، عەلی رەحیم، رەوا یوسف، شێرکۆ کەریم، فڕانک سێدریک، یوسف بن سۆدە.
زاخۆ: عەلی کازم، عەلا رەعد، ئەحمەد ئیبراهیم، پاتریک مارسێلینۆ، محەمەد ئەبو حەشیش، ئەمجەد عەتوان، ئەحمەد یاسین، محەمەد عەلی عەبود، ئێچیتا دیپیوتی، گوستاڤۆ هێنریکی، ناسڕ محەمەدۆ.