![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/02/zzz-780x470.jpg)
یاریگا –
کریستیانۆ رۆناڵدۆ بووەتە ئیلهامبەخش بۆ ئەستێرەیەکی تەمەن 39 ساڵانی ئینگڵتەرا و وایکردووە بیر لە وازهێنان نەکاتەوە.
بیڵی شارپ، هێرشبەری دۆنکاستەر رۆڤەرزی ئینگلیزییە و یانەکەی لە خولی پلە سێی ئینگڵتەرا یاریی دەکات. چوارشەممەی رابردوو تەمەنی بووە 39ساڵ، لە هەمان رۆژیش کریستیانۆ رۆناڵدۆ بووە 40 ساڵ.
شارپ لە کاروانی وەرزشیدا 283 گۆڵی کردووە. دەیەوێت تاوەکو تەمەنی 40 ساڵی لە یاریکردن بەردەوامبێت و ئاشکرایکردووە کریستیانۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ بووەتە ئیلهامبەخش بۆی و ئەفسانە پۆرتوگالییەکە وای لێ کردووە زیاتر برسی گۆڵ و دەستکەوت بێت.
![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/02/130810437_shutterstock_editorial_13757721de.jpg)
تەماشای کریستیانۆ بکەن، هەمان ئەو رۆژەی من بوومە 39 ساڵ ئەویش بووە 40 ساڵ. کریستیانۆ هێشتا ئامانجی گەورەی هەیە و بەمزووانە کۆڵ نادات. لەوبڕوایەدام بەشداریی مۆندیالی 2026 دەکات و تاوەکو پێنج ساڵی دیکەش لە یاریکردن بەردەوام دەبێت.
کریستیانۆ ئیلهامبەخشە بۆ هەمووان، ئەو نمونەیەکی جوانە بۆ هەمووان کە دەبینیت لەو تەمەنەدا هێشتا ئاستی بەرزە و یاریی بۆ هەڵبژاردەی پۆرتوگالیش دەکات.
شانازی بەوە دەکەم تەمەنم 39 ساڵە و هێشتا لە جامی یەکێتی ئینگڵتەڕا یاریی دەکەم. دەمەوێت کە دەبم بە 40 ساڵ هێشتا یاریی بکەم. 20 گۆڵێکم ماوە بگەمە 300 گۆڵ و شانازی دەکەم بگەمە ئەو ژمارەیە.
بیڵی شارپ یاریی بۆ یانەکانی شێفڵد یونایتد، ساوسامپتن، نۆتینگهام، رێدینگ، لێدز یونایتد، لۆس ئانجلس گالاکسی، هۆڵ سیتی و دۆنکاستەر رۆڤەرز کردووە.
لە چامپیۆنشیپ بەشداریی 410 یاریی کردووە. 130 گۆڵی کردووە و 46 گۆڵی دروستکردووە. لە پرێمەرلیگیش بەشداریی 46 یاریی کردووە، 6 گۆڵی کردووە و 2 گۆڵی دروستکردووە.
هەروەها لە جامی یەکێتی ئینگڵتەڕا بەشداریی 44 یاریی کردووە، 12 گۆڵی کردووە و 3 گۆڵی دروستکردووە.
بەشێوەیەکی گشتی لە کاروانی وەرزشیدا بەشداریی 754 یاریی کردووە، 283 گۆڵی کردووە و 75 گۆڵی دروستکردووە.
بیڵی شارپ ئەمشەو لە جامی یەکێتی ئینگڵتەرا سەرکردایەتی دۆنکاستەر رۆڤەرز دەکات و کاتژمێر 22:45 بەکاتی هەولێر رووبەڕووی کریستاڵ پاڵاس دەبنەوە.
![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/02/2022-12-10T153402Z_507326988_RC233Y9NF5PH_RTRMADP_3_SOCCER-ENGLAND-SHU-HDD-REPORT.avif)