![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/02/FB_IMG_1739134357153-780x470.jpg)
یاریگا –
زاخۆ بە فەرمی بووە پاڵەوانی زستانەی خولی ئەستێرەکانی عێراق و راهێنەری تیپەکەش دەڵێت هێشتا رێگاکەمان دوور و درێژە.
دوای سەرکەوتنە گەورەکەیان بەرامبەر قاسم لە دوایاریی قۆناخی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق کە 6 _ 2 یارییەکەیان بردەوە، بە فەرمی زاخۆ بووە پاڵەوانی زستانەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، راهێنەری تیپەکەش باس لە ئاست و ئەنجامی تیپەکەیان دەکات و گوتی هێشتا رێگاکەمان دوور و درێژە، تەڵال بلوشی راهێنەری زاخۆ دوای یارییەکە ریاگەیاند:
زۆر سوپاسی سەرجەم یاریزانەکانم دەکەم سوپاسی هاندەران دەکەم کە بەمشێوەیە ئامادەن و پاڵپشتیمان دەکەن، ئەم سەرکەوتنە پێشکەش بە جەماوەری زاخۆ، سوپاس بۆ خوا بووینە پاڵەوانی زستانەی خولەکە، بەڵام دەبێ ئەوە بزانین هێشتا رێگاکەمان دوور و درێژە و پێویستمان بە کاکرکردنی زیاتر هەیە، بە پاڵپشتی دەستەی کارگێڕی و هاندەرانمان دەمانەوێت بەردەوام بین لە سەر بەدەستهێنانی ئەنجامی باش.
هادی ساڵح یاریزانی نوێی زاخۆ کە یەکەم یاریی بوو لەگەڵ یانەکە بەشداری بکات و لە گێمی دووەم هاتە نێو یاریگا، دەربارەی یارییەکە و ئامانجیان لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق گوتی:
زۆر دڵخۆشم بەم سەرکەوتنە و ئەنجامێکی گەورەمان بەدەستهێنا ئامادەبوونی ئەم هاندەرە جوانانە هۆکاربوون بۆ ئەم سەرکەوتنە، هەموو ئەو پلانانەمان جێبەجێ کرد کە راهێنەر بۆی دیاری کردبووین، ئامادەبووین بۆ سەرکەوتن و ئەم کارەشمان کرد، ئەم سەرکەوتنە گەورەیە بەردەوامیمان پێدەبەخشێت بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باشتر لە داهاتوو.
زاخۆ بۆ یەکەمجار لە مێژووی خۆیدا بووە پاڵەوانی قۆناخی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە 38 خاڵ، یەکەم یاریی قۆناخی دووەمی خولەکەش رۆژی هەینی داهاتوو لە یاریگای فرانسۆ هەریری رووبەرووی هەولێر دەبێتەوە.