یاریگای رزگار مەشەیی دێڕبی ئاگرینی گەرمیان لە خۆدەگرێت
رانیە هیچ سەرکەوتنێکی لە یاریگای ئازادە رەش بە دەست نەهێناوە
![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/02/FB_IMG_1739118424659-780x470.jpg)
یاریگا –
لە کەلار و تایبەت لە یاریگای رزگار مەشەیی، دێڕبی گەرمیان لە نێوان رزگاری و شێروانە بەڕێوەدەچێت.
لە گەڕی 16ـەی خولی نایابی کوردستان و کاتژمێر 2:30 لە یاریگای رزگار مەشەیی تایبەت بە شێروانە دێڕبی کەلار لە نێوان شێروانە و رزگاری بەرێوەدەچێت، یاریی چوون لە یاریگای رزگاری هەر دوو یانە بە گۆڵێک یەکسان بوون کە یەکەم یاریی مێژوویی نێوان هەر دوو یانە بوو لە خولی نایابی کوردستان، لە جامی هەرێمی کوردستانیش رزگاری 3 _ 2 سەرکەوتنی بەدەستهێنا و شێروانەی کردە دەرەوەی پاڵەوانێتیەکە.
شێروانە بە ئامانجی وەرگرتنەوەی ریزبەندی یەکەم لە پێشمەرگەی هەولێر یاریی دەکات کە ئێستا 32 خاڵی هەیە و شێروانەش 30 خاڵ، رزکاری مەبەستیەتی لە کێبڕکێی یانەکانی سەرووی ریزبەندی دانەبڕێت و کە بە 25 خاڵ لە ریزبەندی چوارەم دێت.
شەقڵاوە بۆ دەربازبوون لەو دۆخەی تێکەوتووە و رزگاربوونی لە ریزبەندەکانی کۆتایی لە یاریگای خۆی بەرامبەر برایەتی یاریی دەکات، بە راهێنەرایەتی مستەفا بابا زادە شەقڵاوە یەکەم یاریی لە ژێر سەرپەرشتی ئەو راهێنەرە لە گەڕی رابردوو کرد و 3 _ 0 بە پێشمەرگەی هەولێر دۆڕا، شەقڵاوە 13 خالی هەیە لە ریزبەندی 14ـەمە و برایەتیش بە 19 خاڵ لە ریزبەندی 10ـیەم دێت.
زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی رانیە، زاخۆ شەش یارییە لە خولی نایابی کوردستان شکستی نەهێناوە و بە 27 خاڵ لە ریزبەندی سێیەم دێت و لە قۆناغی 16ـەی جامی هەرێمی کوردستانیشە دوای سەرکەوتنی بەرامبەر سێمێل، رانیە وێڕای سەرکەوتنی بەرامبەر قەڵادزێ لە جامی هەرێمی کوردستان، سێ یارییە لە خولی نایابی کوردستان سەرکەوتنی بە دەست نەهێناوە و لە یاریگای ئازادە رەش تامی سێ خاڵی نەکردووە لەم وەرزەدا و بە 18 خاڵ لە ریزبەندی 11ـەم دێت.