رێکۆردێکی 10 ساڵەی بارسێلۆنا بەرامبەر سێڤییا
![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/02/epl_fc-barcelona-vs-sevilla-1-780x470.avif)
یاریگا –
دوایین بردنەوەی سێڤییا لە یاریگای خۆی بەرامبەر بارسێلۆنا لە لالیگا بۆ 10 ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە.
یاریی سێڤییا و بارسا لە رووی مێژووییەوە یەکێکە لە سەرنجڕاکێشترین یارییەکانی لالیگا، بەتایبەتی کاتێک لە یاریگای سانچێز پیزخوان بەڕێوە بچێت. ئەم دوو تیپە لە هەفتەی 23ی لالیگا لەم یاریگایە رووبەڕووی یەکتر دەبنەوە.
بارسێلۆنا لە یارییەکانی دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر سێڤییا بارودۆخی سەختی بەخۆیەوە بینیوە، بەڵام ئامارێکی سەرنجڕاکێشی هەیە. دوایین دۆڕانی بارسا لە لالیگا کە سانچێز پیزخوان میواندار بووە، دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئازاری 2015، نزیکەی 10 ساڵ لەمەوبەر.
یاریزانانی لویس ئێنریکی بە ئەنجامی 2-1 دۆڕان و تیایدا کرۆن دەلهی و ئیبۆرا گۆڵیان بۆ سیڤیا کرد. لەو یارییەدا نێیمار تاکە گۆڵەکەی بارسێلۆنای کرد. لەو کاتەوە بارسا لە پێنج یاریی دا بردوویەتەوە و سێ یاری یەکسان بوون لەکاتێکدا سێڤیا میواندار بووە.
لە کۆتا 15 یاری نێوان سێڤییا و بارسێلۆنا، سێڤییا تەنیا یەک جار سەرکەوتنی بەدەستهێناوە. لە جامی شای 2020-2021 بە ئەنجامی 2-0 سەرکەوتن، ژول کۆندێ و ئیڤان راکیتیچ گۆڵەکانیان کرد.
سێڤیا لە نیوەی یەکەمی وەرزی 2021-2022 لە لالیگا گۆڵی بەرامبەر بارسا تۆمار نەکردووە و دوایین 6 یاری لالیگا بەرامبەر بلاوگرانا دۆڕاوە. دوایین شکستیان لە یاریی گەڕانەوەی وەرزی رابردوودا بوو، لە یاریگای مۆنتجویک بە ئەنجامی 5-1 دۆڕان.
لە 26ی ئایاری 2024، بارسێلۆنا بە سەرکردایەتی چاڤی هێرناندێز لە یاریگای سانچێز پیزخوان بە گۆڵەکانی رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی و فێرمین لۆپێزەوە لە یانەی خاوەن یاریگای بردەوە.
ئەمشەو جارێکیتر یاریگای پیزخوان کاتژمیر 23:00 بە کاتی کوردستان دەبێتەوە گۆڕەپانی رووبەڕووبوونەوەی ئەم دوو یانە ئیسپانییە. دەمێنێتەوە بزانین ئایا بارسێلۆنا دەتوانێت پارێزگاری لەو رێکۆردە 10 ساڵەی بکات یاخود نا.