![](https://yariga.net/wp-content/uploads/2025/02/GettyImages-2197841187.jpg-780x470.webp)
یاریگا –
لێدانی سزای یاریی دێربی شەوی رابردووی نێوان ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید، گڕی لە یانە شاهانەکە بەرداوە.
کەناڵی فەرمی ریال مەدرید لە مێزگردێکی فراوانی دوای یارییەکەدا، هێرشێکی فراوانی کردە سەر ناوبژیوان و تۆمەتی راستەوخۆیان دایە پاڵ سیستمی ناوبژیوانی لالیگا و بڕیاری لێدانە سزاکەیان بە بەشێک لە دەستکاری و یاریی پێکردنی سیستماتیک لە بەرژەوەندی ئاتلێتیکۆ لێکدایەوە.
لە خوولەکی 32ی گێمی یەکەمی یارییەکەدا، سێزار سۆتۆ گرادۆ، ناوبژیوانی یارییەکە لێدانی سزای بۆ ئاتلێتیکۆ مەدرید هەژمارکرد، دوای ئەوەی ئۆرێلیەن چوامینی پێی لە ساموێڵ لینۆ-نا. ناوبژیوانی یارییەکە دوای گفتوگۆی لەگەڵ ناوبژیوانانی ژووری ڤار، بڕیاری لێدانی سزایدا.
کەناڵی ریال مەدرید، دوای تەواوبوونی یارییەکە هێرشێکی فراوانیان کردە سەر ناوبژیوان و یەکێک لە پێشکەشکارانی کەناڵە گوتی
ئێمە رووبەڕووی یانەیەک بووینەوە کە زۆرترین سوودی لە ناوبژیوان و ڤار وەرگرتووە. بەڕاستی سەیرە، ئەم پێکدادانە زۆر ئاساییە، ئەمە شەرمەزارییە. ئەگەر لە شوێنی ریال مەدرید بوومایە، دەستبەجێ یاریگام جێدەهێشت. دیارییەکی بەنرخ درایە ئاتلێتیکۆ و ئەمە ئابڕوچوونە.
ئەمە لالیگای بۆگەنە، لیگای نێگرێیرایە. ئیتر دەبێ رووبەڕووی ناوبژیوانان ببینەوە و واز لە رووبەڕووبوونەوەی یانەکان بهێنین.
بەهیچ شێوەیەک لێدانی سزانەبوو، هەڵەیەکی زەقی ناوبژیوانە. هەردوو ناوبژیوانەکە (سەرەکی و ڤار) ئەم ئەنجامەیان دەویست، ئەمە ئەو ئەنجامەیە کە لویس مێدینا کانتالێخۆ، سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا دەیەوێت، ئەمە ئەو ئەنجامەیە کە یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا دەیەوێت.
ریال مەدرید ماوەیەکە بە توندی رەخنە لە ناوبژیوانان و سیستمی ناوبژیوانی لالیگا دەگرێت. چەند رۆژێک لەمەوبەر، ریال مەدرید بەیاننامەیەکی فەرمی ئاڕاستەی یەکێتیی تۆپی پێی ئیسپانیا کرد و رەخنەی لە بڕیاری ناوبژیوانی یارییەکەی بەرامبەر ئیسپانیۆل گرت.