تایبەت بە یاریگا؛ هەولێر بەرگریکارێکی دیکەی بەڕێدەکات
گازی باکوور دەیەوێت بەرگریکارێکی هەولێر بباتە ریزەکانی
یاریگا –
هەولێر دەیەوێت لە چەند کاتژمێری داهاتووی بازاڕی گواستنەوەی زستانەی یاریزانان بەرگریکارێکی بەڕێ بکات، گازی باکوور دەیەوێت نیاز محەمەد بباتە ریزەکانی.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، یانەی هەولێر دەیەوێت بەرگریکارێکی بەڕێبکات، لە نێوان هالیسۆن فێرناندێز پادیلها و نیاز محەمەد یەکێکیان بەڕێبکات، بەڵام هەردوو یاریزانەکە ئامادە نین ریزەکانی یانەکەی قەڵاومنارە بەجێبهێڵن، لەکاتێکدا ژمارەی یاریزانانی دڵی بەرگری هەولێر گەیشتووەتە 6 بەرگریکار.
یاریگا زانیویەتی، یانەی هەولێر پێشنیازی بۆ هالیسنۆن فێرناندێز کردووە، تا کۆتایی وەرز بە خواستن بچێتە ریزەکانی گازی باکوور، بەڵام ئەو بەرگریکارە بەڕازیلییە کە دوو رۆژ لەمەوبەر گەیشتە هەولێر، رەتیکردووەتەوە بچێتە ریزەکانی یانەی کەرکووک، کە لە خولی بۆلیڤیاوە پەیوەندی بە ریزەکانی هەولێر کردووە و هێشتا هیچ یارییەکی بە درێسی زەردپۆشەکان نەکردووە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، سەمیر بابۆ راهێنەری هەولێر بە نیاز محەمەدی راگەیاندووە، بەهۆی گواستنەوەی عەباس یاسین و رێبین سولاقا دەرفەتی یاریکردنی کەم دەبێت، بەڵام تاوەکو ئێستا نیاز محەمەد پێداگیری لەسەر مانەوەی لە هەولێر دەکات.
یانەی هەولێر و گازی باکوور لەگفتوگۆدان نیاز محەمەد رازی بکەن، پەیوەندی بە ریزەکانی یانەکەی کەرکووکەوە بکات و هەردوو یانە شایستە داراییەکانی ئەو بەرگریکارە بە هاوبەشی بدەن، بەڵام نیاز محەمەد هێشتا رازی نییە و لەسەر مانەوەی لە یانەکەی پایتەخت سوورە. ئەمشەو کاتژمێر 12:00 دەرگای گواستنەوەی زستانەی یاریزانان لە عێراق دادەخرێت.
یاریزانانی دڵی بەرگری یانەی هەولێر بریتین لە هالیسۆن فێرناندێز، عەباس یاسین، رێبین سولاقا، نیاز محەمەد، هێلیۆ مۆنتێرۆ، عومەر جەنگی.