جامی کەنداوراپۆرتی تایبەتعێراقکوردستانگرنگترین

ڤایناڵدۆم و دێمبلی دێنە دهۆک؛ هەموو شتێک لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی دهۆک و ئیتیفاق لە جامی کەنداو

هەفتەی رابردوو ستیڤن جیرارد بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی لە راهێنەرایەتی ئیتیفاق دوورخرایەوە

Yariga App

یاریگا –

دهۆک دوای بردنەوەی لە ئەهلی سەنعا سەرکەوتنی بۆ قۆناخی پێش کۆتایی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو مسۆگەر کردووە، مانگی داهاتوو رووبەڕووی یانەی ئیتیفاقی سعوودی دەبێتەوە، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین یانەکانی سعوودیە.

دهۆک کە بە کۆکردنەوەی 8 خاڵ پلەی دووەمی کۆمەڵەی یەکەمی گرتووە، بلیتی دووەمی کۆمەڵەکەی بۆ گەیشتن بە قۆناخی پێش کۆتایی مسۆگەر کردووە، ئیتیفاقی سعوودیش بە کۆکردنەوەی 12 خاڵ پلەی یەکەمی کۆمەڵەی دووەمی گرتووە و بلیتی یەکەمی کۆمەڵەکەی بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو مسۆگەر کردووە.

بەگوێرەی براکێتی پاڵەوانێتییەکە، دهۆک وەکو پلەی دووەمی کۆمەڵەکەی رووبەڕووی ئیتیفاق پلەی یەکەمی کۆمەڵەکەی دەبێتەوە، بەگوێرەی یاسا و رێساکانی پاڵەوانێتییەکە، رۆژی 5ـی مارس/ئاداری 2025 دهۆک لە یاریگای خۆی میوانداریی ئیتیفاق دەکات، هەفتەیەک دواتر لە یاریی گەڕانەوە هەڵۆیەکانی چیا لە سعوودیە دەبنە میوانی ئیتیفاق.

Image

مێژوو و دۆخی ئێستای یانەی ئیتیفاقی سعوودی 

یانەی ئیتیفاق ساڵی 1954 دامەزراوە و کەوتووەتە شاری دەمام، دوو جار نازناوی خولی نایابی سعوودی بەدەستهێناوە، وەرزەکانی 1982/1983 و 1986/1987 بووەتە پاڵەوانی سعوودیە.

ئیتیفاق هاوشانی ئەهلی سعوودی و شەبابی ئیماراتی خاوەنی زۆرترین نازناوە لە مێژووی خولی یانە پاڵەوانەکانی کەنداو، لە ساڵانی 1983 و 1988 و 2006 سێ جار بووەتە پاڵەوانی وڵاتانی کەنداو.

ئیتیفاق لە خولی رۆشنی سعوودی بە کۆکردنەوەی 22 خاڵ لە پلەی یازدەمی خولەکە دێت، لەم وەرزە لە خولی رۆشنی سعوودی بەرامبەر هەر چوار یانە گەورەکەی سعوودیە (هیلال، ئیتیحاد، نەسڕ، ئەهلی) تووشی شکست بووە.

هەفتەی رابردوو ئیتیفاق بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی یانەکەی بڕیاری دوورخستنەوەی ستیڤن جیراردی دا و ئەو راهێنەرە ئینگلیزییەی لە پۆستەکەی دوورخستەوە و هێشتا راهێنەری داهاتووی یانەکە دیار نییە.

Image

ئەستێرە دیارەکانی ئیتیفاق کێن؟

هەریەکە لە موسا دێمبلی هێرشبەری فەڕەنسی و جیۆرجینیۆ ڤایناڵدوم ناوەڕاستکاری هۆڵەندی لە دیارترین ئەستێرەکانی یانە سعوودییەکان.

موسا دێمبلی هێرشبەری پێشووی ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی و ئۆڵیمپیک لیۆنی فەڕەنسی و فولهامی ئینگلیزی باشترین یاریزانی ئێستای ئیتیفاقە، لەم وەرزە لە خولی رۆشنی سعوودی بە 7 گۆڵ و 4 ئەسیست گۆڵکاری یانەکەیەتی.

جیۆرجینیۆ ڤایناڵدوم ئەستێرەی پێشووی پاریس سانجێرمانی فەڕەنسی، لیڤەرپوولی ئینگلیزی، رۆمای ئیتاڵی و نیوکاسڵ یونایتدی ئینگلیزی بەناوبانگترین ئەستێرەی ئێستای ئیتیفاقە، کە لەم وەرزە ئەو ناوەڕاستکارە 34 ساڵانە 6 گۆڵ و 2 ئەسیستی کردووە.

لە مێرکاتۆی ئەم زستانە ئیتیفاق هەریەکە لە جواو کۆستا هێرشبەری بەڕازیلی یانەی رۆمای ئیتاڵی و مارک رۆداک گۆڵپارێزی سلۆڤاکی لە یانەی فولهامی ئینگلیزییەوە گواستەوە ریزەکانی.

بابەتی زیاتر

Back to top button