یاریگا –
ئانتۆنیۆ کۆنتی نیگەرانە لە ناپۆلی بەهۆی جێبەجێنەکردنی داخوازییەکانیەوە.
یانە ئیتاڵییەکە دووەم مێرکاتۆی لەسەریەکە دو دیارترین ئەستێرەی لەدەستدەدات. هاوینی رابردوو ڤیکتۆر ئۆسیمین بەخواستن بۆ گالاتاسەرای و ئەم زستانەش خڤیچا کڤارتسخێلیا بە هەمیشەیی بۆ پاریس سانجێرمان.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی سکای سپۆرتس ئیتاڵیا، کۆنتی نیگەرانە لەوەی ناپۆلی نەیتوانیوە هیچ کام لە ئالێخاندرۆ گارناچۆ و کەریم ئادیێمی بگوازنەوە دوای رۆشتنی کڤارا.
ئەو دوو یاریزانە خواستی سەرەکی راهێنەرە ئیتاڵییەکان بوو بۆ شوێنگرەوەی ئەستێرە جۆرجییەکەی، بەڵام بازاڕەکە داخرا و یانەکەشی نەیتوانی نە بەخواستن نە بە هەمیشەیی گرێبەست لەگەڵ یەکێکان ئەنجام بدات.
هەرچی دۆخی ئۆسیمینە، گومانی زۆر هەیە کە جارێکیتر نەگەڕێتەوە بۆ ناپۆلی و لەلایەن یانەکەشەوە پلان هەیە لە پرۆسەیەکی فرۆشتندا کە ئاڵوگۆڕی یاریزانیشی تێدابێت، بەیەکجاریی دەستبەرداریی بێت.
کۆنتی ترسی هەیە لەو بژاردانەی بەردەستی نەتوانێت تا کۆتایی وەرزەکە پارێزگاریی لە پێشەنگی ریزبەندیی بکات ئێستا دوای 23 هەفتە لە یارییەکانی خولی ئیتاڵی بە جیاوازیی سێ خاڵ لەپێش ئینتەرمیلانەوە دێت بە یارییەک کەمتر بۆ ئینتەر.