یاریگا –
نەورۆز لە دەرەوەی یاریگای خۆی سەرکەوتنێکی گەورەی بە دەستهێنا و مەڕوان و راهێنەری تیپەکەش باس لە ئەنجامە گەورەکە دەکەن.
لە بەسره و تایبەت لە یاریگای فەیحا، نەورۆز لە گەڕی 18ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق سەرکەوتنێکی گەورەی تۆمار کرد و بە ئەنجامی 5 _ 1 لە مینای بردەوە، لەم یارییەدا مەڕوان حوسێن هاتریکی تۆمار کرد و هەریەک لە کلاودیۆ ماڕادۆنا و ئاسۆ رۆستەم دوو گۆڵەکەی تریان کرد.
قەحتان جەسیر راهێنەری نەورۆز دەربارەی سەرکەوتنەکەیان لە دوای یارییەکە گوتی:
سەرکەوتنە گەورەکەی ئەمڕۆ بۆ ئێمە بەرێککەوت نەبوو بەڵکو ئەوە ئەنجامی زنجیرەیەک ئاستی بەرز و ئەو رۆحیەتە بوو کە لە ناخی یاریزانەکانمان بوو کە سێ یاریی بوو بردنەوەمان بە دەست نەهێنابوو، سەرکەوتنێکی شایستەمان بەدەستهێنا سەرەڕای ئەوەی یارییەکە ئاسان نەبوو، لەو کاتەوەی تیپەکەمان وەرگرتووە کار لەسەر شێوازی یارییکردنمان دەکەین و تا ڕادەیەکی زۆر سەرکەوتووبووینە.
مەڕوان حوسێن هێرشبەری نەورۆز و خاوەن هاتریک لە یارییەکە، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکە سەبارەت بەم سەرکەوتنە گەورەیە گوتی:
زۆر دڵخۆشین بەم سەرکەوتنە و تۆمارکردنی سێ گۆڵەکەم کە ئەوە بۆ هەموو تیپەکە هەژمار دەکرێت نەک تەنیا بۆمن، ئاستی تیپەکە یاریی لە دوای یاریی بەرەو پێش دەچێت کە ئەمەش ئەنجامی کارکردنی بەردەوامە، هێشتا رێگاکە دوورودرێژە ئامانجمان وەرگرتنی پلەیەکی شایستەیە لە ریزبەندی خولەکە.
بەم سەرکەوتنە نەورۆز بە 23 خاڵ هاتە ریزبەندی 11ـەم و چوار خانە هاتە پێشەوە، گەڕی داهاتووش لە یاریگای خۆی و لە دێڕبی کوردستان میوانداری هەولێر دەکات.