یاریگا –
كریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەفسانەی پۆرتوگالی یانەی نەسڕی سعوودی چاوپێكەوتنێكی تایبەتی لەگەڵ ئیدۆ ئاگێری رۆژنامەنووسی دیاری بەرنامەی چیرنگینتۆی ئیسپانی كرد و تێیدا باسی چەندین بابەتی كرد.
شەوی رابردوو نەسڕ لە یاریگای خۆیدا میوانداری وەسڵی ئیماراتی كرد و یارییەكەش لە بەرژەوەندی نەسڕ بە چوار گۆڵی بێ وەڵام كۆتاییهات، لە میانی یارییەكانی چامپیۆنزلیگی ئاسیا.
یارییەكە كۆتا یاریی كریستیانۆ رۆناڵدۆ بوو لە تەمەنی 39ساڵیدا و سبەی ئەفسانە پۆرتوگالیەكە تەمەنی دەبێتە 40 ساڵ.
🌟 “SOY EL MEJOR DE LA HISTORIA”.
😎 @Cristiano, más directo que nunca con @EduAguirre7 en ‘Los amigos de Edu’. pic.twitter.com/aBIzunv1pW
— El Chiringuito TV (@elchiringuitotv) February 4, 2025
لێدوانەكانی كریستیانۆ رۆناڵدۆ:
– كیلیان ئێمباپێ:
کیلیان ئێمباپێم زۆر خۆشدەوێت، یاریزانێکی زۆر ناوازەیە، ریال مەدرید و هاندەرانی دەبێت ئاگاداری ئەو کوڕە لاوەبن و گرنگی پێبدەن. دڵنیام زۆر دڵخۆشیان دەکات.
ئەگەر لە ریال مەدرید بوومایە ئێمباپێم فێردەکرد چۆن لە سەرەڕم یاریی بکات.
– كامپ نۆو:
زۆر حەزم لە یاریكردن لە كامپ نۆو دەكرد، ئەوان سوكایەتیان پێدەكردم و فیكەی ناڕەزاییان لە دژم لێدەدا، بەڵام گرنگیم پێ نەدەدا، تەنیا بیرم لەوە دەكردەوە گۆڵ بكەم و هەموویان بێدەنگ بكەم.
– سعوودیە:
كەسێكم هەمیشە ئاڵنگارییەكانم خۆش دەوێت، ژیانم هەمیشە بەوشێوەیە بووە، گۆڕانكاری گەورە نامترسێنێت، بەپێچەوانەوە خۆشم دەوێن.
کاتێک بڕیارمدا بێمە سعودیە، چاوەڕێی ئەوەم نەدەکرد خولەکە بەم خێراییە گەشە بکات، بەڵام دەمزانی دوای ساڵێک یان دوو ساڵ خولەکە لە لوتکەدا دەبێت، وەک ئێستا. بەڵام شتەکان زۆر بە خێرایی روویاندا.
دڵخۆشم لە سعودیە، خۆم و خانەوادەکەم حەز بە ژیانکردن لەم وڵاتە دەکەین، بەڕاستی لێرە ئاسوودەم.
– خولی ئەمریكی و خولی سعوودی:
ئاستی خولی ئەمریکی لە خولی سعودی خراپترە، هەموو کەس ناتوانێت قسە لەسەر ئەوە بکات جگە لەو کەسانە نەبێت کە ئێستا یاری دەکەن.
– بێڵینگهام:
بێڵێنگهامم خۆشدەوێت، زێدانم بیردەهێنێتەوە، داهاتوویەکی گەش چاوەڕوانی ئەو کوڕە دەکات و زۆر شت پێشكەشی ریال مەدرید دەكات.
– وازهێنان لە یاریكردن؟
هەندێک جار دەڵێم دەتوانم بۆ ماوەی ساڵێک یان دوو ساڵیتر یاریی بكەم؟ هەر بۆیە گەیشتوومەتە قۆناخێک كە لەم كاتەدا دەژیم، نامەوێت بیر لە داهاتوو بكەمەوە چونكە كاتم نییە.
هەر بۆیە دەڵێم هەفتە لە دوای هەفتە بە هێمنی خشتەیەكی باشی ئامادەكاری بۆ راهێنانەكان و یارییەكان دادەنێم و چێژ لە تۆپی پێ وەردەگرم.
دەتوانم ئەمڕۆ واز لە یاریكردن بهێنم و لە هیچ شتێک پەشیمان نەبمەوە، بەڵام ئەوە بە داخ دەبێت، چونكە هێشتا ئەنجامی باش بەدەستدەهێنم، پێم وایە هێشتا دەتوانم جیاوازی درووست بكەم، ئەوەش كەمێک دوودڵم دەكات.
– 1000 گۆڵ؟
ئەگەر پێی بگەم ئەوە زۆر باش دەبێت، بەڵام زۆر تامەزرۆ نیم، هەندێک جار باسكردنی بێزاركەر دەبێت.
– باڵۆن دۆر؟
متمانەم بە بالۆن دۆر نەماوە، سەردەمانێک زۆر توڕە دەبووم کاتێک بالۆن دۆرم بەدەست نەدەهێنا، بە تێپەڕبوونی کات تێگەشتم بالۆن دۆر لەو جۆرە شەڕانەیە کە توانای بردنەوەیت نیە.
ڤینیسیۆس شایستەی باڵۆن دۆر بوو، بێگومان پێوویست بوو ئەو خەڵاتەكە بباتەوە.
– مۆندیال؟
بیر لە مۆندیال ناکەمەوە، ئەگەر رووبدات کارێکی باشە، ئەگەریش رووینەدا گرنگ نیە بەلامەوە.
– راهێنەر:
لە هەموو راهێنەرەكانەوە فێر بووم، بەڵام لە کاروانی وەرزشیم کۆمەڵێک راهێنەری زۆر خراپم هەبووە، هیچ شتێکیان لەسەر تۆپی پێ نەزانیوە.
– ریال مەدرید:
ئیسپانیا نیشتیمانی منە، منداڵەكانم لەوێ لەدایک بوون، ریال مەدرید هەمووکات لە دڵی مندایە، ئەو یانەیەیە کە خۆشترین ساتەکانی ژیانم تێدا بەڕێکرد.
کاتێک بڕیاری رۆشتم لە ریاڵ مەرید دا، رەفتاری پێرێزی سەرۆک باش نەبوو لەگەڵمدا، بەڵام لێی تێگەشتم، ئەو هەر خۆی بەو جۆرە رەفتار دەکات.
– مێسی:
لەگەڵ مێسی پەیوەندییەکی زۆر باشمان هەبوو، بیرمە جارێکیان لە کاتی وەرگرتنی خەڵاتێک، من کاری وەرگێڕانم بۆ لیۆ دەکرد، زۆر هەستێکی خۆش بوو، هەمیشە مامەڵەی مێسی لەگەڵمدا زۆر باش بوو، هیوادارم جارێکی دیکە یەک ببینینەوە، ئەگەرچی کەمێک زەحمەتە.
– بارسێلۆنا:
دەمتوانی گرێبەست لەگەڵ بارسێلۆنا واژۆ بكەم، كاتێک لەگەڵ سپۆرتینگ یاریم دەكرد.
لەگەڵ كەسێكی ناو یانەكە بووم، دەیانویست گرێبەستم لەگەڵ واژۆ بكەن بەڵام ئەوە رووینەدا و پەیوەندیم بە مانچێستەر یونایتدەوە كرد.
– كریستیانۆ:
من کامڵترین یاریزانی مێژووم، بە سەر گۆڵ دەکەم، بە لێدانی راستەوخۆ گۆڵ دەکەم، بە ڕاست، بە چەپ، هەرکەس بڵێت کریستیانۆ یاریزانێکی کامڵ نیە، درۆ دەکات.
من باشترین یاریزانی مێژووم، هیچ یاریزانێک لە من كامڵتر نییە.
رەنگە هەندێک کەس پێلێ یان مێسی یان مارادۆنایان لە من پێ باشتر بێت، رێز لە بیروبۆچوونیان دەگرم، بەڵام درۆ دەکەن ئەگەر بڵێن کریستیانۆ یاریزانێکی کامڵ نیە، چونکە من کامڵترین یاریزانی مێژووی تۆپی پێم.
– كاری راهێنەری؟
پێم وایە كاری راهێنەری قورسە، پێم وانییە كەسایەتیم لەگەڵ ئەو كارەدا بگونجێت، بۆیە پێوویست ناكات.
هێشتا سەیری یارییەكانی سپۆرتینگ، مانچێستەر یونایتد و ریال مەدرید دەكەم.
ریال مەدرید باشترین یانەی جیهانە.