فەرمی؛ تۆتنهام هاوڕێی نزیکی بەرگریکارێکی مانچێستەر سیتی دەگوازێتەوە
زۆری پێکانەکان هاوکێشەکانی گۆڕیوە
یاریگا –
تۆتنهام لە دوا رۆژی مێرکاتۆی زستانەدا، بەرگریکارێکی نەمسایی گواستەوە ریزەکانی.
دوای شکستهێنانی سپێرز لە گواستنەوەی فیکایۆ تۆمۆری، بەرگریکاری میلان، سەرەڕای رێککەوتنی هەردوو یانەکە، تەواوی سەرنجی لەسەر کێڤن دانسۆ، بەرگریکاری لانسی فەڕەنسی دانا.
دانسۆ چەند ساڵێک لەگەڵ عەبدولقادر خوسانۆڤ، بەرگریکاری نوێی مانچێستەر سیتی یارییکردووە و یەکێکە لە باشترین بەرگریکارانی لیگ وەن.
گرێبەستەکە خواستنە و تاوەکو کۆتایی وەرز دەبێت، بەڵام لە بڕگەیەکی گرێبەستەکەدا هاتووە، دەبێ دوای تەواوبوونی ماوەی خواستنەکەی، گرێبەستەکە بکرێتە هەمیشەیی.
تۆڕی سکای سپۆرتس بڵاویکردبووەوە، وۆڵڤز لەسەر تەواوی وردەکارییەکان لەگەڵ دانسۆ رێکەوتبوو، تەنانەت بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە، پشکنینی پزیشکی بکات، بەڵام دوای ئەوەی تۆتنهام چووە نێو هاوکێشەکە، دانسۆ رای خۆی گۆڕیوە.
دوای پێکانی رادو دراگوسین لە یاریی رابردووی تۆتنهام بەرامبەر ئێلفسبۆرگ لە یۆرۆپالیگ و پێکانی کریستیان رۆمێرۆ و میکی ڤان دێ ڤین، ئامانجی سەرەکی ئانج پۆستێکۆگلو، گواستنەوەی بەرگریکارێک بوو.
دانسۆ تەمەن 26 بەرهەمی ئەکادیمیای ریدینگی ئینگلیزییە. سەردەمی لاوی لەگەڵ ئەو یانەیە دەستپێکرد، پاشان پەیوەندی بە میڵتن کینێس دۆنسەوە کرد، بەڵام سەرەتای دەرکەوتنی پیشەگەری لەگەڵ ئاوگسبورگی ئەڵمانی بوو.
دانسۆ تاوەکو ساڵی 2020 یاریی لە بۆندسلیگا کرد، دواتر بە خواستن یاریی بۆ ساوسامتن و فۆرتونا دوسێلدۆرف کرد، لە ساڵی 2021 بووە یاریزانی لانس.
بەرگریکارە نەمساییەکە لەگەڵ لانس 112 یارییکردووە، خاوەنی 12 گۆڵە. هەروەها 24 یاریی نێودەوڵەتیشی لەگەڵ هەڵبژاردەی نەمسا هەیە.