یاریگا –
ئاستۆن ڤیلا دوای گفتوگۆییەکی ماراسۆنی لەگەڵ مانچێستەر یونایتد، مارکوس راشفۆردی گواستەوە.
دوو مانگە کێشەی قووڵ لە نێوان روبن ئامۆریم، راهێنەری مان یونایتد و راشفۆرد هەن، بۆیە تەواوی ئاماژەکان بەرەو جێهێشتنی یانەکەی بوو.
حەفت هەفتەیە راشفۆرد بەشداری هیچ یارییەکی مانچێستەر یونایتد نەکردووە، دوا بەشداری بەرامبەر ڤیکتۆریا پڵزن لە یۆرۆپالیگ بوو، بۆیە تەواوی ئاماژەکان بەرەو چوونە دەرەوەی بوون لە ئۆڵدترافۆرد.
Aston Villa is delighted to announce the loan signing of Marcus Rashford from Manchester United. pic.twitter.com/Zj9seYUIq0
— Aston Villa (@AVFCOfficial) February 2, 2025
سەرەڕای مەشقی بەردەوامی راشفۆرد لەگەڵ تیمەکەی روبن ئامۆریم، کەچی ناوی لە لیستی 21 یاریزانییەکەی یاریی رابردووی مان یونایتد بەرامبەر FCSBی لە یۆرۆپالیگدا نەبوو.
پێشتر بۆڕووسیا دۆرتموند بەفەرمی پرسیاری دۆخی راشفۆردی لە مان یونایتد کردبوو، بەڵام بەهۆی ئاستەنگەکانی داراییەوە، گواستنەوەکە سەرینەگرت.
لەلایەکی دیکەوە، ناوی راشفۆرد بە فەنەرباچێ بەسترابووەوە، بەڵام ئاجوون ئیلیجالی، جێگری سەرۆکی یانە ئیستانبووڵییەکە رەتیکردەوە، گرێبەست لەگەڵ راشفۆرد بکەن.
مووچەی هەفتانەی راشفۆرد لە 300 هەزار پاوەند زیاترە، ئەمەش ئاستەنگی سەرەکی و هۆکاری دواکەوتنی جێهێشتنی مانچێستەر یونایتد بوو.
شکستهێنانی گواستنەوەی بۆ بارسێلۆنا
لە سەرەتای کرانەوەی دەرگای گواستنەوەکانی زستانە، ناوی راشفۆرد بە بارسێلۆنا بەسترابووەوە، بەڵام گواستنەوەکە نەهاتەدی.
هەینی رابردوو، ماتیۆ مۆریتۆ، رۆژنامەنووسی تۆڕی رێلێڤۆ بڵاویکردبووەوە، بارسێلۆنا بڕیاری کشانەوەی لە کەیسی گواستنەوەی راشفۆرد هێناوە، چونکە یانە کاتالوونییەکە گەیشتووەتە ئەو بڕوایەی، گواستنەوەکە روونادات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی رێلێڤۆ، لەماوەی رابردوو بارسێلۆنا قسەی لەگەڵ خودی مارکوس راشفۆرد کردبوو، بەڵام بەهۆی نەبوونی شوێن بۆ یاریزانەکە و کێشەی دابینکردنی مووچەکەی، پڕۆسەکە هەرەسیهێنا.
کێشەی قووڵ و چارەسەرنەکراو
لە پرێس کۆنفڕانسی دوای یاریی مانچێستەر یونایتد بەرامبەر فولهام 0-1، کێشەکانی نێوان راشفۆرد و راهێنەرە پۆرتوگالییەکە زۆر بەڕوونی دەرکەوتن، کاتێک ئامۆریم دووپاتیکردەوە، بەهیچ شێوەیەک ئامادەنییە یاریی بە راشفۆرد بکات، تەنانەت ئامادەیە یاریی بە گۆڵپارێزێکی 63 ساڵان بکات و راشفۆرد بێبەش بکات.
ئامۆریم لە وەڵامی هۆکاری دوورخستنەوەی راشفۆرد و بەشداری پێنەکردنی گوتی
بەردەوام هەمان هۆکارە، هۆکارەکە مەشقکردنە و من دیدگایەکی تایبەتم بۆ مەشق هەیە. ئەگەر شتەکان بەمشێوەیە بەردەوام بن، منیش لەسەر هەمان عەقڵیەتی بەردەوام دەبم.
ئامادەم یاریی بە خۆرخێ ڤیتاڵ، راهێنەری گۆڵپارێزان بکەم کە تەمەنی 63 ساڵە، نەک بە یاریزانێک کە نەیتوانیوە خۆی بسەلمێنێت.
ئەمە بۆ هەموو یاریزانێک وەکو یەکە، ئەگەر باشترینی خۆیان پێشکەش نەکەن، ئەگەر هەنگاوە دروستەکان نەنێیت، دەتوانین یاریزانی یەدەک بەکاربهێنین.
کاروانێکی پڕدەستکەوت
راشفۆرد بەرهەمی ئەکادیمیای مانچێستەر یونایتد و 20 ساڵە لەو یانەیە یاریی دەکات.
راشفۆرد 426 یاریی بۆ مانچێستەر یونایتد کردووە، خاوەنی 138 گۆڵ و 63 ئەسیستە. ئەستێرە ئینگلیزییەکە دوو جار نازناوی جامی FA و دووجار نازناوی جامی کاراباو و جارێکیش نازناوی یۆرۆپالیگی بردووەتەوە.