راداری یاریگا؛ مانچێستەر سیتی چاوی بڕیوەتە شوێنگرەوەی رۆدری
مان سیتی نایەوێت بەبێ دەستکەوت ئەم وەرزە تەواو بکات
یاریگا –
مانچێستەر سیتی بەفەرمی ئۆفەرێکی بۆ گواستنەوەی نیکۆ گۆنزالێز، ناوەڕاستکاری پۆرتۆ پێشکەشکردووە.
رۆژنامەی دەیلی مەیڵ ئاشکرایکردووە، مان سیتی پەیوەندییەکانی لەگەڵ پۆرتۆ دەستپێکردووە و ئێستا خەریکی هەڵسەنگاندنی بەهای گواستنەوەکەن.
گۆنزالێزی تەمەن 23 ساڵان، بەرهەمی ئەکادیمیای بارسێلۆنایە، لەم وەرزەدا حەوت گۆڵ و شەش ئەسیستی لە 29 یاریدا هەبووە.
یاریزانی نێودەوڵەتی ئیسپانی، دەتوانێت لە تەواوی شوێنەکانی هێڵی ناوەڕاست یارییبکات، ئەمەش کێشەکانی پێپ گواردیۆلا لە دۆخی نەبوونی رۆدری، چارەسەر دەکات.
خۆرخێ مێندێس، بەڕێوەبەری کارەکانی گۆنزالێزە و بڕی 50 ملیۆن پاوەندی بۆ گواستنەوەی داناوە، بەڵام مانچێستەر سیتی ئامادەنییە بڕی پارەی داواکراو خەرجبکات.
ئێدەرسن، ناوەڕاستکاری ئاتاڵانتا یەکێکبوو لە ئامانجەکانی مان سیتی، بەڵام یانە ئیتاڵییەکە رەتکردەوە دەستبەرداری ببێت، لەلایەکی دیکەشەوە، دۆگلاس لویز، یاریزانی یوڤێنتوس هێشتا لە لیستی داواکراواندایە.
پێدەچێت بازاڕی مان سیتی لە مێرکاتۆی زستانە کۆتایی نەهاتبێت، کەمتر لە 48 کاتژمێر بۆ داخرانی بازاڕی گواستنەوەی زستانە ماوە و مان سیتی چاوی لە زیادکردنی یاریزانێکی دیکەیە بۆ پێکهاتەکەی.
لەم مێرکاتۆیەدا، مانچێستەر سیتی بەبڕی زیاتر لە 150 ملیۆن پاوەند هەریەکە لە عومەر مەرمووش، عەبدولقادر خوسانۆڤ و ڤیتۆر رێسی گواستووەتەوە.
گۆنزالێز کاروانی وەرزشی لەگەڵ بارسێلۆنا دەستپێکردووە، یاریی بۆ تیمی دووەم و یەکەمی بارسێلۆنا کردووە و خاوەنی دوو گۆڵە، بە خواستن 26 یاریی بۆ ڤالێنسیا کردووە و لە هاوینی ساڵی 2023 پەیوەندی بە پۆرتۆ کرد.