یاریگا –
زاخۆ سێ خاڵی گرنگی بەدەستهێنا و ئاستەکەشی جێگای خۆشحاڵی هاندەرانی نەبوو بەرامبەر نەجەف.
لە یارییەکی پڕ لە کێبڕکێدا، زاخۆ لە یاریگای خۆی سێ خاڵی گرنگی بەرامبەر نەجەف بە دەستهێنا و ریزبەندی چوارەمیشی لە دهۆک وەرگرتەوە، وێڕای بە دەستهێنانی سێ خالی زەحمەت بەڵام زاخۆ لە یارییەکەدا بە ئاستێکی باش دەرنەکەوت تایبەت لە گێمی دووەم، بەم هۆیەوەش راهێنەری زاخۆ ستایشی راهێنەری نەجەفی کرد لە دوای یارییەکە.
تەڵال بلوشی راهێنەری زاخۆ دوای یارییەکە لە سەر ئاستی تیپەکەی و ئەنجامی یارییەکە گوتی:
پیرۆزبایی لە کارگێڕی و یاریزانان و هاندەرانمان دەکەم سێ خاڵی گرنگمان بە دەستهێنا، یاریزانەکانمان ئەمڕۆ پاڵەوانانە جەنگان بۆ سەرکەوتن و ئامانجەکەشیان پێکا، بەرامبەر تیپێکی باش یارییمان کرد و خاوەن راهێنەرێکی زۆر بەتوانان و پاڵەپەستۆی باشیان دەکرد بەڵام سەرکەوتووبووین لە پارێزگاریکردن لە ئەنجامەکە، ئەم وەرزە تێدەکۆشین بۆ ئەوەی پلەیەکی باش لە ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق بە دەست بهێنین.
بەم سەرکەوتنە زاخۆ کۆی خاڵەکانی گەیاندە 32 و گەڕایەوە ریزبەندی چوارەم، کوڕانی خابوور تەنها سێ خاڵ لە زەوڕا دوورن کە لە ریزبەندی یەکەمی خولەکەدان، نەجەف 24 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی نۆیەم دێت.
لە 4ـی مانگی شوباتی داهاتووش زاخۆ لە بەغدا و لە ئەرکێکی ئاساندا رووبەرووی حدود دەبێتەوە، گەڕی دواتریش میوانداری قاسم دەکات و قۆناخی یەکەمی خولی ئەستێرەکانی عێراقیش کۆتایی دێت.