یاریگا –
هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی سەرکەوتنێکی گرنگی بە دەستهێنا و یاریدەدەری راهێنەریش دەڵێت بۆ یاریی قوەجەوییە ئامادەین.
لە گەڕی 17ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق و لە یاریگای ئەحمەد رازی، هەولێر بە ئەنجامی 2 _ 0 لە نەفتی بردەوە، هەولێر سێیەم سەرکەوتنە لە سەریەک بە دەستی دەهێنێت و دوای شەش یاریی جارێکی تر گۆڵەکەی بە خاوێنی هێشتەوە و دلۆڤان مەهدی گۆڵپارێزیش بە پیاوی یارییەکە دەستنیشانکرا.
حوسێن کازم، یاریدەدەری راهێنەری هەولێر دەربارەی سەرکەوتنەکەیان و ئاستی یاریزانەکان لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی دوای یارییەکە رایگەیاند:
ئەم بردنەوە گرنگەی ئەمڕۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆمان پیرۆزە لە هاندەران و دەستەی کارگێڕی و سەرجەم یاریزانەکان، ئاستێکی بەرزمان بەرامبەر تیپێکی باش پێشکەش کرد، دوای سەرکەوتنەکەی بەرامبەر کەربەلا تیپەکەمان هەنگاوەکانی بە دروستی دەهاوێت، ئامادەین بۆ یارییەکەی داهاتوو بەرامبەر قوەجەوییە، ئامانجمانە ریزبەندی سەرووتر وەربگرین لەوەی کە ئێستا تێداین.
یوسف بن سۆدە یاریزانی پیشەگەری تونسی و گۆڵکاری هەولێر و خاوەن گۆڵی یەکەمی یارییەکەی بەرامبەر نەفت، دەربارەی پێکانەکەی و سەرکەوتنەکەیان دوای یارییەکە گوتی:
سەرکەوتنەکەمان هەموومانی دڵخۆش کرد، ئەم سێ خاڵە بە هەوڵی کارگێڕی و راهێنەران و یاریزانان بەدەستمان هێنا، پێویست بە دڵە راوکێ ناکا من پێکانەکەم باشە و لە یاریی داهاتوو بەرامبەر قوەجەوییە ئامادە دەبم.
کوڕانی قەڵاومنارە سێیەم سەرکەوتنە لە سەریەک بە دەستی دەهێنن و هەنگا و بە هەنگاو لە ریزبەندی پێشەوە نزیک دەبنەوە، ئێستا هەولێر بە 28 خاڵ لە ریزبەندی حەفتەمە و گەڕی داهاتووش لە یاریگای فرانسۆ هەریری میوانداری قوەجەوییە دەکات.