لە چەند رۆژی داهاتوودا رۆیشتنی ئەستێرەیەکی لیڤەرکۆزن یەکلاییدەبێتەوە
یاریگا –
لە چەند رۆژی داهاتوودا و بەر لە کۆتاییهاتنی ماوەی گواستنەوەکانی زستانە، رۆیشتنی ئەستێرەیەکی بایەر لیڤەرکۆزن یەکلاییدەبێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی فلۆریان پلێتنبێرگی رۆژنامەنووسی لە سکای، چەند رۆژی داهاتوودا رۆیشتنی ڤیکتۆر بۆنیفاس لە هەرکاتێک چاوەڕوانکراوترە و، یانەکەشی چاوەڕوانی ئۆفەرە لەلایەن سعودیەکانەوە.
ئەو رۆژنامەنووسە زانیوشیەتی ئێستا یانەی نەسڕ بەشێوەیەکی فەرمی چووەتە کێبڕکێی گواستنەوەی یاریزانە نەیجیریەکەوە.
لە درێژەی زانیارییەکانی پلێتنبێرگدا ئەوەش هاتووە کە یانە ئەڵمانییەکە داوای بڕی 50 ملیۆن یۆرۆی دەکات وەک نرخی جێگیری هێرشبەرەکەیان.
ئامادەکردنی یاریزانە 24 ساڵانەکە بۆ فرۆشتن لەکاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا گرێبەستەکەی تا ساڵی 2029 بۆ نوێکرایەوە.
بۆنیفاس یەکێک لە دیارترین رەگەزەکانی چابی ئاڵۆنسۆ بوو کاتێک توانیان وەرزی رابردوو سێ نازناوی گرنگ ببەنەوە، کە گرنگترینیان بۆندزلیگا بوو بەبێ هیچ شکستێک.
لەم وەرزەش تا ئێستا لە 15 یاریی سەرجەم پاڵەوانێتیەکاندا خاوەنی 8 گۆڵ و ئەسێستێکە.