یاریگا –
محەمەد تاریق ئەحمەد، ناوبژیوانی نێودەوڵەتی، سکاڵای لە دژی محەمەد عەرەب، سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق تۆمارکردووە.
لە یاریی نێوان نەفتی بەسڕە و زاخۆ کە لە 20ی ئەم مانگە لە بەسڕە بەڕێوەچوو، چەندین رووداوی جیاواز لە دوای یارییەکە روویاندا، تەنانەت هێرشکرایە سەر محەمەد تاریق، کە ناوبژیوانی یارییەکە بوو.
محەمەد تاریق سکاڵاکەی لە دادوەری دادگای لێکۆڵینەوەی ئەعزەمییە لە دژی محەمەد کازم عەرەب، سەرۆکی لیژنەی ناوبژیوانانی یەکێتیی تۆپی پێی عێراق تۆمارکردووە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا، کۆپییەکی سکاڵای ناوبژیوان محەمەد تاریقی بەدەستگەیشتووە و تیایدا هاتووە
دوای یارییەکی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە 20ی کانوونی دووەم کە لە بەسڕە بەڕێوەچوو و لە کاتی گەڕانەوە بۆ بەغدا، لەلایەن سەرپەرشتیاری نەفتی بەسڕە کە یانەکەی بەشێکی یارییەکە بوو، هێرشیکردە سەرم و دواتر لە تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی تایبەت بە یانەکە، سووکایەتی بە باوکم کرد.
منیش لە گروپێکی تایبەت بە ناوبژیوانان لە واتسئاپ، پەیامێکی ئامۆژگاریم نووسی، تاوەکو لە داهاتوودا، هەڕەشە لەسەر ژیانی هیچ ناوبژیوانێکی نێودەوڵەتی لە عێراق دروست نەبێت.
محەمەد عەرەب، قسەکانی منی وەکو سووکایەتی و هاندانی ناوبژیوانان بۆ دروستکردنی کێشە و قەیران لێکدایەوە. ئەم لێکدانەوەیەش بەهیچ شێوەیەک راست نییە. بۆیە محەمەد عەرەب سزاکەی منی بۆ یەکێتیی تۆپی پێی عێراق بەرزکردەوە و قسەکانی منی لە گروپی واتسئاپ لە سزاکە بەکارهێنا.
لە بەشێکی دیکەی سکاڵاکەدا هاتووە
محەمەد عارەب لە گروپەکەدا بە وشەی ناشرین و دوور لە رەوشتی کۆمەڵایەتی و ناردنی پەیامی دەنگی وەڵامی دامەوە و منی بە هاندانی ناوبژیوانان بۆ دروستکردنی قەیران تۆمەتبارکرد. تەنانەت هەڕەشەی ناردنی منی بۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە کرد و پێی گوتم (بە یەک زەڕەی باوکت ناگەیت ”باوکی ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بووە”) منی بە کەسێکی بێڕێز ناوزەندکرد.
یارییەکە لەمیانی گەڕی 15ی خولی ئەسثێرەکانی عێراق بوو، زاخۆ یارییەکەی 2-3 بردەوە، کاتێک ئەمجەد عەتوان، لە دوا خوولەکی یارییەکەدا، گۆڵی بردنەوەی بۆ شێرەکانی خابوور کرد.