یاریگا –
بەهۆی ئەنجامە خراپەکانی ئەم دواییە، فشارێکی زۆر بۆ دوورخستنەوەی ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەی قوە جەوییە دەکرێت.
لەدوای تەواوبونوی گەڕی شازدەی خولی ئەسثێرەکانی عێراق، جەوییە بەکۆکردنەوەی 28 خاڵ لە پلەی شەشەمی ریزبەندیدا دێت، ئەمەش دوای زنجیرەیەک دۆڕانی یەکلەدوای یەک.
سەڵاح سافی، ئەندامی دەستەی گشتی قوە جەوییە لە بەشداریکردنی لە بەرنامەی هاتریکی کەناڵی UTV چەندین نهێنی لەبارەی پێشێلکاری و گەندەڵییەکانی دەستەی ئێستای کارگێڕی یانەکە ئاشکراکرد.
سافی روونیکردەوە
چەندین رێگامان بۆ راستکردنەوەی رێچکەی یانەکە گرتەبەر، لەگەڵ ئەندامانی دەستەی کارگێڕی کۆبووینەوە و لەسەر وردەکارییەکان رێکدەکەوتین، بەڵام بۆ رۆژی دواتر هەموو شتێک وەک خۆی دەمایەوە.
ئەندامەکەی دەستەی گشتی قوە جەوییە دووپاتیدەکاتەوە، لە لیژنەی ئۆڵێمپی عێراق، سکاڵای یاساییان لەسەر دەستەی کارگێڕی قوە جەوییە تۆمارکردووە، دواتر لیژنەی ئۆڵێمپی کەیسەکەی گواستەوە ناوەندی یەکلاییکردنەوەی کەیسەکان.
لەبارەی هۆکاری گواستنەوەی کەیسەکە لە لیژنەی ئۆڵێمپییەوە بۆ ناوەندی یەکلاییکردنەوە، سافی دەڵێت
لە کۆبوونەوەمان لەگەڵ سەرۆکی لیژنەی ئۆڵێمپی، تەواوی وردەکارییەکانمان لەڕووی یاساییەوە بۆ روونکردەوە. بەگوێرەی ماددەی 14ەم لە یاسای بەرکار، لیژنەی ئۆڵێمپی دەتوانێت دەستەی کارگێڕی هەر یانەیەکی عێراق هەڵبوەشێنێتەوە، بەو مەرجەی پێشێلکاری روون و 100%ی کردبێت. بەڵام سەرۆکی لیژنەکە پێی گوتین، پێویستە یەکەمجار تەواوی رێگاکانی دیکە بگرینەبەر، ئینجا بگەڕێنەوە لای من.
بەشێک لە ئەندامانی دەستەی گشتی قوە جەوییە بە سەرپەرشتی سەڵاح سافی، چاوەڕێی بڕیاری کۆتایی ناوەندی یەکلاییکردنەوەی کەیسەکانن. سافی روونیکردووەتەوە، چەندین پێشێلکاری لە هەڵبژاردەکانی پێشووی دەستەی کارگێڕی روویاندا، ئەمەش هۆکاری سەرەکی قەیران و کێشەکانی ئێستای یانەکەن
چەندین پێشێلکاری یاسایی لە هەڵبژاردنەکاندا کراون و تەواوی بەڵگەکانمان هەڵگرتووە. یەکێک لە بەڵگەکان، دەنگدانی چەندین کەسی ژێر 18 ساڵییە و بە ڤیدیۆ خۆیان باسی شێوازەکانی بەشداریکردنیان دەکەن. ئەمەش پێشێلکارییەکی روونە، تەنانەت کەسی 14 ساڵی بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کردبوو. جیا لەمەش چەندین کەس هەبوون بەبێ ئەوەی ئەندامی دەستەی گشتی بن، دەنگیان لە هەڵبژاردنەکاندا، تەواوی بەڵگەکان هەڵگیراون.
بڕیاری دەستەی هاندەرانی قوە جەوییە لە بەردەم بارەگای سەرەکی یانە گردببنەوە، تاوەکو هەنگاوی کردەیی بۆ گۆڕانکاری لە دەستەی کارگێڕی دەدرێت.