ئەستێرەیەکی تۆپی پێ بەتۆمەتی بازرگانیکردن بە کۆکاین دەستگیرکرا
هاوبەشێکی بازرگانی یاریزانەکە، لە گواستنەوەی کۆکاین یارمەتی حزبوڵای لوبنانی داوە
یاریگا –
پۆلیسی بڕۆکسڵ، ئەستێرەیەکی پێشووی هەڵبژاردەی بەلجیکا بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە کۆکاین دەستگیردەکات.
کەناڵی HLNی بەلجیکی بڵاویکردووەتەوە، پۆلیسی بڕۆکسڵ لەسەر داوای داواکاری گشتی پایتەختی بەلجیکا، ریدا ناینگۆلان، ئەستێرەی پێشووی بەلجیکا و یانەی رۆمای دەسگیرکردووە.
ناینگۆلان بە تۆمەتی کڕین و فرۆشتن و گواستنەوەی کۆکاین لە ئەمریکای باشوورەوە بۆ ئەوروپا لەڕێگەی بەندەری ئانتڤیرپ دەستگیرکراوە.
وەکو بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان، پۆلیسی بڕۆکسڵ گەڕان و پشکنینی لە زیاتر لە 30 ماڵ لە بڕۆکسڵ و ئانتڤیرپ کردووە.
داواکاری گشتی بڕۆکسڵ لە بەیاننامەیەکدا نووسیویەتی
دەستگیکردنی ناینگۆلان، بەشێکە لە لێکۆڵینەوەکانی پەیوەندیدار بە تاوانی رێکخراو، کە سەرنجی سەرەکی لێی، بازرگانی کردنی کۆکاینە لە بەلجیکا. لێکۆڵینەوەکان تاوەکو ئێستا بەردەوامن.
ئیبراهیم ئەحمەدوون، هاوبەشی بازرگانی ناینگۆلان لە ساڵی 2016 لە جیاتی حزبوڵلای لوبنانی، 1100 کیلۆ کۆکاینی لە فڕۆکەخانەی دورنە، لە باشووری هۆڵەندا گواستەوە، دواتر دەستگیرکرا و رەوانەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرا.
لەدوای رووداوەکانی هاوبەشە بازرگانییەکەی، ناینگۆلان گوتی
نابێ بەهۆی هەڵەیەکی رابردوو، تاوەکو ژیانت ماوە باجەکەی بدەیت.
ناینگۆلان مەبەستی گۆڕینی ژیانی هاوبەشی بازرگانییەکەی بوو. بە قسەی ناینگۆلان، هاوبەشەکەی وازی لە بازرگانیکردن بە مادەی هۆشبەر هێنابوو، خەریکی بازرگانی تایبەتی بەکرێدانی فڕۆکە و یاختی تایبەت بە یاریزانان و هونەرمەندان بوو.
پێنج رۆژ بەر لە ئێستا، ناینگۆلان تەواوی هاوڕێکانی شۆک کرد، کاتێک گرێبەستێکی لەگەڵ یانەی لۆکێرێن تێمس، بەشدار لە خولی پلەدووی بەلجیکا واژۆ کرد. لە یەکەم یاری لەگەڵ یانە نوێیەکەیدا، ناینگۆلان بە کۆرنە گۆڵێکی کرد.
یانەی لۆکێرن تێمس لەدوای دەستگیرکردنی ناینگۆلان روونیکردەوە
لەبەر ئەوەی تاوەکو ئێستا لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و دەزگاکانی ئەمنی هیچ لێدوانێک لەم بارەیەوە نادەن، ئێمەش رێز لە رێکارەکان دەگرین. ئێمە تەنیا دەتوانین بڵێین، یاریزانەکە بەشداری لە مەشقەکانی ئەمڕۆدا نەکردووە.
ناینگۆلان یەکێکە لە ئەندامانی هەڵبژاردەی زێڕینی بەلجیکا و خاوەنی 30 یاریی نێودەوڵەتییە، ریدا لەو یارییانەدا شەش گۆڵی کردووە.
ناینگۆلان بەدرێژایی کاروانی وەرزشی خۆیدا یاریی بۆ یانەکانی؛ پیاچێنزا، کالیاری، رۆما، ئینتەر میلان، ئانتڤیرپ، سپاڵ و بهایانگکارای ئیندۆنیزی کردووە.
لەسەر ئاستی کەسیش، ناینگۆلان هاوسەرگیری لەگەڵ کلاودیا لای کردووە، خاوەنی دوو منداڵن بە ناوەکانی عەیشا (لەدایکبووی 2012) و مایڵی (لەدایکبووی 2016). لە ساڵی 2019، هاوژینەکەی تووشبوونی خۆی بە شێرپەنجە لە پۆستێکی ئینستاگرام ئاشکراکرد.
ناینگۆلان نازناوی سێریای ئەی لە وەرزی 2020-21 لەگەڵ ئینتەر میلان بەدەستهێنا، هەروەها لەگەڵ ئانتڤیرپی بەلجیکی، لە وەرزی 2022-23 بووە پاڵەوانی بەلجیکا.