کاپێلۆ رەخنە لە کۆنسێیساو دەگرێت
فابیۆ کاپێلۆ راهێنەری مێژوویی میلان و ئیتاڵیا لە نوسینێکدا رەخنە لە فابیۆ کۆنسێیساوی راهێنەری ئێستای رۆسۆنێری دەگرێت پاش رووداوەکەی دوێنێ.
لە دیمەنێکی سەرسوڕهێنەردا، دوای یاری نێوان میلان و پارما، کۆنسێیساو هەوڵیدا هێرش بکاتە سەر دەیڤد کالابریای کاپتنی یانەکە و ئەگەر لەیەک جودا نەکرانایەتەوە رەنگە کێشەکە گەورەتر بووایە.
هەرچەندە هیچ لێدوانێکی فەرمی لەسەر هۆکارەکەی نیە بەڵام دەوترێت بەهۆی کاردانەوەی کالابریاوە بووە کاتێک گۆڕانکاری پێککراوە و کۆنسێیساویش لێی قبوڵ نەکردووە.
کاپێلۆ ئەمڕۆ لە ستوونێکدا بۆ لاگازیتا دیلۆ سپۆرت نوسیوییەتی
ئاسایی نیە راهێنەر بەوجۆرە کۆنترۆڵ لەدەست بدات بەرامبەر یەکێک لە یاریزانەکانی خۆی لەبەردەم هەمووان. بەڵێ بەدڵنیاییەوە، گرژی روودەدات و هەندێک جاریش گرژی توند، خۆشم یەکەم کەسم کە ئەوە دەزانم بەڵام دەبێت لە ژووری خۆگۆڕین بێت نەک بەردەم کامیراکان. من وایدەبینم کە کۆنسێیساو لە توانایدا نیە وا لە تیمەکە بکات بەقسەی بکەن. یاریزانان بەو جۆرەش یاری ناکەن کە ئەو دەیەوێت. ئەوان تینوویی و تووڕەیی پێویستییان نیە بۆ ئەوەی ووزە بدەن بە خۆیان و فشار دروست بکەن و یاری ببەنەوە. راستە لە یاریگای خۆیاندا پێنج بردنەوەیان هەیە لە حەوت یاری، دەبێت ئەوەش بوترێت چوار جار لەدوا بوون و یاریزانەکان تەنها کە زۆریان بۆ دێت کاردانەوەیان هەیە نەک کردە”.
میلان لە کۆتا خولەکدا گۆڵی بردنەوەی لە پارما تۆمارکرد، لەگەڵ ئەوەشدا لە پلەی حەوتەمی ریزبەندی خولی ئیتاڵیدایە.