ئامۆریم فشارێکی زۆر بۆ گواستنەوەی بەرگریکارێک دەکات
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە سوورە لەسەر تۆکمەکردنی هێڵی بەرگرییەکەی
یاریگا –
مانچێستەر یونایتد واز لە گواستنەوەی پاتریک دۆرگو، بەرگریکاری لێچی ئیتاڵی ناهێنێت.
پێگەی تۆک سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، لێچی ئۆفەری یەکەمی مانچێستەر یونایتدی بۆ گواستنەوەی دۆگرو رەتکردەوە، ئەمەش وایکردووە مان یونایتد ئۆفەرەکەی بەرزبکاتەوە و ئێستا گەیشتووەتە 27 ملیۆن پاوەند.
لێچی نایەوێت بە پارەیەکی کەم دەستبەرداری دۆگرو ببێت، لەلایەکی دیکەشەوە روبن ئامۆریم، راهێنەری شەیتانە سوورەکان، فشارێکی زۆری بۆ گواستنەوەی بەرگریکارێک دروستکردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پێگە بەریتانییەکە بێت، لێچی داوای بڕی 33 ملیۆن پاوەند بۆ دەستبەرداربوون لە تواناکانی دۆگرو دەکات، بەڵام مان یونایتد وردە وردە هەنگاو دەنێت، چونکە بژاردەیەکی دیکەشی هەیە.
ئالڤارۆ فێرناندێز، بژاردەی دووەمی مانچێستەر یونایتدە، هەرچەندە بۆ ماوەی سێ ساڵ و نیو لە ئۆڵدترافۆرد بوو، بەڵام هیچ یارییەکی نەکرد، بەڵکو بە خواستن یاریی بۆ یانەکانی پرێستن نۆرس ئێند، گرانادا و بێنفیکا کردووە.
فێرناندێز لە هاوینی ساڵی رابردوو بەبڕی شەش ملیۆن یۆرۆ پەیوەندی بە بێنفیکا کرد، بەڵام خاڵێک لە گرێبەستەکەیدا هەیە، کە ماف بە مانچێستەر یونایتد دەدات، دەستبەجێ بیگوازێتەوە.
بەرگریکارە ئیسپانییەکە لەم وەرزەدا 30 یاریی لە سەرجەم پاڵەوانیەتییەکان لەگەڵ بێنفیکا کردووە، خاوەنی سێ گۆڵ و چوار ئەسیستە.
دۆگرو لە هاوینی ساڵی 2022 بەبڕی تەنیا 168 هەزار پاونەد لە نۆرشلاندی دانیمارکییەوە پەیوەندی بە لێچی کرد. دۆگرو لە هاوینی ساڵی 2023 یەکەم یاریی فەرمی لەگەڵ لێچی کرد، لەو ساتەوە 56 یارییکردووە و خاوەنی پێنج گۆڵ و دوو ئەسیستە.
مانچێستەر یونایتد دوای خەرجییەکانی هاوینی رابردوو بە گواستنەوەی کۆمەڵێک یاریزانی وەکو لێنی یۆرۆ (58.9 ملیۆن پاوەند) و ماتیس دی لیخت (42.9) ملیۆن پاوەند، ئێستا سیاسەتێکی نوێ پەیڕەودەکات و دەیەوێت دەستبەرداری چەند یاریزانێک ببێت، ئینجا پارە خەرج بکات.