نیوکاسڵ یونایتد دوا بڕیار لەسەر چارەنووسی ئیزاک دەدات
رۆژنامەی تێلێگراف هەموو شتێک ئاشکرا دەکات
یاریگا –
نیوکاسڵ یونایتد تەواوی هەوڵەکانی خۆی بۆ هێشتنەوەی ئالێکساندەر ئیزاک دەخاتەگەڕ.
ئیزاک یەکێکە لە گۆڵکارانی ئەم وەرزەی پرێمەرلیگ و شەوی رابردوو دوو گۆڵی لە ساوسامتن کرد. ئەستێرە سویدییەکە داواکراوی سەرەکییە لەلایەن زۆربەی یانەکانی پرێمەرلیگ.
رۆژنامەی تێلێگراف بڵاویکردووەتەوە، نیوکاسڵ ئامادەنییە بەهیچ نرخێک دەستبەرداری ئیزاک ببێت، تەنانەت ئامادەکارییەکانی بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی بۆ ماوەیەک درێژ دەستپێکردووە.
هێشتا سێ ساڵ و نیو بۆ بەسەرچوونی گرێبەستی ئێستای ئیزاک ماوە و گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لە هاوینی رابردوو وەستان. رۆژنامەکە زانیویەتی، بەر لە کۆتایی ئەم وەرزە، گفتوگۆکانی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی دەستپێدەکەنەوە، چونکە نایانەوێت ئێستا سەرنجی یاریزانەکە بشێوێنن.
ئیزاک لە هاوینی ساڵی 2022 بەبڕی 63 ملیۆن پاوەند لە ریال سۆسیدادەوە پەیوەندی بە نیوکاسڵ کرد. لەم وەرزەدا خاوەنی 19 گۆڵە.
هەرچەندە دەنگۆکانی گواستنەوەی لە سەینت جەیمسس پارک زۆربوون، بەڵام بەگوێرەی سەرچاوەیەکی نزیک لە یاریزانەکە، ئیزاک گرنگی بە دەنگۆکان نادات و سەرنجی تەواوی لەسەر یارییەکان داناوە.