یاریگا –
یانەی هیلال و نێیمار دا سیلڤا چوونە گفتوگۆی یەکلاییکەرەوە بۆ قسەکردن لەسەر جیابوونەوەیان.
نێیمار لە هاوینی 2023 لە یانەی پاریس سانجێرمانەوە بە گرێبەستێکی دوو ساڵە و بە بڕی 100 ملیۆن یۆرۆ، بە مووچەیەکی خەیاڵی کە هەر دەگوترێت 100 ملیۆن یۆرۆی ساڵانە، پەیوەندی بە یانە سعودیەکەوە کرد.
پێکان بەشە زۆرەکەی نێیمار بوو لەگەڵ “زەعیم” بەجۆرێک کە 15 مانگ دابڕا لە یارگاکان و بە گەڕانەوەشی لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو جارێکیتر دووچاری پێکان هاتەوە. ئەوەش بووە هۆی ئەوەی تەنها 7 یاریی بەردەستبێ بۆ پۆشینی درێسی هیلال.
بەگوێرەی زانیارییەکانی شەرقولئەوست، نێیمار خواستی رۆشتنی بەبێ بەرامبەر پیشانداوە پێش کۆتاییهاتنی ئەو شەش مانگەی لە گرێبەستەکەی ماویەتی. هیلالیش لاریی نییە بەڵام داخوازیەکەی ئەوەیە یاریزانە بەڕازیلیەکە لەو شاییستە داراییانە خۆشبێت کە لای هیلا ماوەتەوە. بڕەکەشی خۆی دەدا لە 65 ملیۆن یۆرۆ.
گەیشتنی گفتوگۆکانیان بەم ئاستە، دوای ئەوە دێت ناوەڕاستی ئەم مانگە خۆرخێ خیسۆسی راهێنەری هیلال بە ئاشکرا رایگەیاند نێیمار توانای ئەوەی نەماوە لەگەڵ خێرایی تیمەکەی ئێستایان یاریی بکاتەوە.
تا ئێستا چەند یانەیەک وەک وێستگەی داهاتووی نێیمار دەنگۆیان لەسەرە. لە خولی ئەمریکی و هەروەها سانتۆسی یانەی یەکەمیشی لەسەر هێڵه.