یانەی هەولێر تووشی قەیرانی دارایی و کارگێڕی بووە؛ یاریزانەکان کەی بایکۆتی راهێنانەکانیان دەشکێنن؟
جگە لە یاریزانەکان، چەند ئەندامێکی دەستەی کارگێڕی بایکۆتیان کردووە و ناچنەوە دەوام
یاریگا –
یانەی هەولێر تووشی قەیرانی دارایی بووە، جگە لەوەی یاریزانەکان بایکۆتی راهێنانەکانیان کردووە چەند ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیش بایکۆتیان کردووە و ناچنەوە دەوام، یانەکەی قەڵاومنارە لە مێرکاتۆی زستانە سستە و تا ئێستا هیچ گرێبەستێکی رانەگەیاندووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی وەرزشی یاریگا، یانەی هەولێر قەیرانی دارایی هەیە، دوو مانگە نەیتوانیوە مووچەی یاریزانەکانی بدات و و بەشێک لە یاریزانەکانیش پێشەکی گرێبەستەکانیان وەرنەگرتووە، بەهۆی نەبوونی پارەی پێویستیش تاوەکو ئێستا یانەکە هیچ گرێبەستێکی رانەگەیاندووە، لەگەڵ دوو بەرگریکار گەیشتووەتە رێککەوتن، بەڵام بەهۆی نەبوونی پارە بۆ پێدانی پێشەکی گرێبەستی ئەو دوو یاریزانە گرێبەستەکانی رانەگەیاندووە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا دوێنێ ئاشکرایکردبوو، یاریزانانی یانەی هەولێر بەهۆی دواکەوتنی شایستەی داراییەکانیان بایکۆتی مەشق و راهێنانەکانیان کردووە، گەرچی تەنیا 48 کاتژمێر بۆ یاریی داهاتوویان لە خولی ئەستێرەکانی عێراق ماوە، بەڵام تا ئێستا یاریزانەکان بڕیاریان نەداوە بایکۆت بشکێنن، بە مەرجی وەرگرتنی شایستە داراییەکانیان ئامادەن بگەڕێنەوە راهێنانەکان، لەسەر بڕیارەکەیان سوورن، بەڵام بۆ یارییەکەی سبەی ئامادە دەبن و بەرامبەر کەربەلا یاریی دەکەن.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، یانەی هەولێر جگە لە قەیرانی دارایی، کێشەی کارگێڕیشی هەیە، چەند رۆژێکە بەشێک لە ئەندامانی دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر ناچنە دەوام و بایکۆتی یانەکەیان کردووە، نزیکەی مانگێکە دەستەی کارگێڕی یانەی هەولێر هیچ کۆبوونەوەیەکی نەکردووە و ناکۆکی لەنێو دەستەی کارگێڕی یانەکە هەیە.
یانەی هەولێر گەرچی لەگەڵ عەباس یاسین بەرگریکاری یانەی نەورۆز و هالیسۆن پادیلها بەرگریکاری بەڕازیلی گەیشتووەتە رێککەوتن، بەڵام بەگوێرەی زانیارییەکانی یاریگا بەهۆی قەیرانی داراییەوە تا ئێستا گەرەنتی پێدانی پێشەکی گرێبەستەکانیان نییە، بۆیە یانەکەی قەڵاومنارە گرێبەستی ئەو دوو یاریزانەی رانەگەیاندووە، تەنانەت یانەکە بڕیاریداوە گرێبەستی چەند یاریزانێکی هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی پارەی پێشەکی گرێبەستی ئەو یاریزانانەیان نییە، تاوەکو ئێستا نەیانتوانیوە گرێبەستی هیچ یاریزانێک هەڵبوەشێننەوە.
هەولێر لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە 15 یاری 6 بردنەوە و 4 یەکسان و 5 دۆڕانی بەدەستهێناوە، بە کۆکردنەوەی 22 خاڵ لە پلەی نۆیەم دێت و 24 گۆڵی کردووە و 27 گۆڵیشی لێکراوە. سبەی پێنجشەممە وابڕیارە هەولێر لە گەڕی شازدەمی خولەکە میوانداریی کەربەلا بکات.
جگە لە یاریزانانی تیپی خولی ئەستێرەکانی عێراق، یاریزانانی تیپی خولی کوردستانیش بڕیاری بایکۆتکردنیان داوە و بەنیاز نین ئەمڕۆ بچنە مەشق و راهێنانەکانی یانەکەیان، لەکاتێکدا رۆژی شەممەی داهاتوو یانەکەی قەڵاومنارە لە یارییەکی دواخراوی خولی نایابی کوردستان میوانداریی ئاکرێ دەکات.
هەولێر لەم وەرزەی خولی نایابی کوردستان بە کۆکردنەوەی 17 خاڵ لە پلەی نۆیەمی خولەکە دێت و یارییەکی دواخراویشی ماوە.