راشفۆرد یانەی دڵخوازی خۆی ئاشکرا دەکات
رۆژنامەی سپۆرت چەندین وردەکاری نوێ ئاشکرا دەکات
یاریگا –
مارکوس راشفۆرد، ئەستێرەی مانچێستەر یونایتد جارێکی دیکە دەگەڕێتەوە نێو بازنەی گرنگییەکانی بارسێلۆنا.
رۆژنامەی سپۆرت بڵاویکردووەتەوە، راشفۆرد ئامادەیە سازش لەسەر شایستەکانی دارایی خۆی بکات و تەنانەت، مووچەکەی بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمبکاتەوە، لە پێناو یارییکردن بۆ بارسێۆنا.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادار ئاشکرایدەکات، سەرەڕای نزیکبوونەوەی چوونە دەرەوەی ئانسو فاتی بە خواستن، قەبارەی مووچەی یاریزانان کەمناکاتەوە و خەریکە کارگێڕی یانەکە کار لەسەر ئامادەکردنی ئۆفەرێک دەکەن.
هانزی فلیک، راهێنەری بارسا زۆر بە راشفۆرد سەرسامە، چونکە مارکوس دەتوانێت لە شوێنی جیاوازی یاریگا یاریی بکات و دەتوانێت هێزێکی گەورە بە هێڵی پێشەوەی یانەکە بدات.
کێشەی سەرەکی گواستنەوەی راشفۆرد، مووچە بەرزەکەیەتی، چونکە هەفتانەی بڕی 325 هەزار پاوەند وەردەگرێت و گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2028 لە ئۆڵدترافۆرد بەردەوامە.
شەیتانە سوورەکان دەیەوێت سنوورێک بۆ بەرزی مووچەی یاریزانان دابنێت و راشفۆرد لە سەرووی لیستی ئەو یاریزانانە دێت کە مووچەیان بەرزە.
هەشت یارییە راشفۆرد هیچ یارییەکی بۆ مان یونایتد نەکردووە و تەنانەت ناوی لە لیستی یاریزانانی یاریی دێربی بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە 15ی مانگی رابردوو نەبوو.
بەر لە دوورخستنەوەی لە پێکهاتەی سەرەکی ئەم وەرزە، بەشداری لە 15 یارییدا کرد کە لە 12یان سەرەکی بوو.
کێ دەبێتە شوێنگرەویە راشفۆرد؟
هەفتەی رابردوو، مانچێستەر یونایتد بە فەرمی پرسیاری دۆخی رانداڵ کۆلۆ موانێی لە پاریس سانجێرمان کردووە، ئێستا هەردوولا هەڵسەنگاندن بۆ دۆخەکە دەکەن.
لە هاوینی ساڵی 2023دا، موانی زۆر لە مان یونایتد نزیکبوو، بەڵام لە کۆتاییدا ئێریک تێن هاخ، راهێنەری ئەوکاتەی مان یونایتد، بڕیاری گواستنەوەی راسموس هۆیلووندی دا.
پێدەچێت جارێکی دیکە موانی بەردەستبێت، چونکە لەم وەرزەدا تەنیا لە دوو یاریدا سەرەکی بووە و پاریس ئامادەیە گوێ لە ئۆفەرەکان بگرێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سکای سپۆرتس، پاریس دەیەوێت بە یەکجاری دەستبەرداری موانی بێت، یاخود هەرهیچ نەبێت، سەرەتا بە خواستن بێت، بەڵام بڕگەی گواستنەوەی هەمیشەیی لە گرێبەستەکەدا جێگیر بکەن.
مان یونایتد رکابەری هەریەکە لە تۆتنهام، یوڤێنتوس و ئەیسی میلان لەسەر موانی دەکات.
کۆلۆ موانی لە هاوینی ساڵی 2023 بەبڕی 90 ملیۆن یۆرۆ لە ئێنتراخت فڕانکفورتەوە پەیوەندی بە پاریس کرد و گرێبەستێکی تاوەکو ساڵی 2028 لە پاریس واژۆکردووە، بەڵام لەم وەرزەدا بەشدارییەکانی سنووردارن.
کۆلۆ موانی لە ئەڵمانیا، لە کۆی 46 یاریدا 23 گۆڵی کردبوو. بەڵام موانی لە وەرزی یەکەمیدا لە پارک دۆ پرێنس، لە کۆی 26 یاریی لیگ وەندا تەنیا شەش گۆڵی کرد. لەم وەرزەشدا بەشداری لە 14 یاریی سەرجەم پاڵەوانیەتییەکاندا کردووە و تەنیا دوو گۆڵ و ئەسیستێکی هەیە.
موانی لە هاوینی ساڵی 2022 بە گرێبەستێکی خۆڕایی لە نانتی فەڕەنسییەوە پەیوەندی بە فڕانکفورت کرد.
کۆلۆ موانی لەگەڵ هەڵبژاردەی فەڕەنسا 27 یاریی کردووە و خاوەنی هەشت گۆڵە.