یاریگا –
کیلیان ئێمباپێ دەڵێت :’خۆشەویستیم بۆ هەڵبژاردەی فەڕەنسا نەگۆڕاوە و هیچ کێشەیەکم لەگەڵ هەڵبژاردەی فەڕەنسا نییە، من لە فیکەکانی هاندەران دەگەم، بەڵام نابێت ئێمە یەکگرتووییمان لەدەست بدەین، پێویستە هەموومان بەیەکەوە رووبەڕووی ئالنگارییەکان ببینەوە’.
هەروەها لەبارەی ئەو رەخنانەی لێی دەگیرێن، دەشڵێت :’من ئارام و لەسەرخۆم، خەڵکی چاوەڕێی زۆریان لە من دەکرد و قسەیان لەبارەی منەوە دەکرد، ئەمەش شتێکی ئاساییە، من دەمزانی دۆخەکە دەگۆڕێت ئەگەر لەسەرخۆ و ئارام بم’.
ئێمباپێ لەبارەی بەرزبوونەوەی ئاستی لەدوای یارییەکەی ئاتلێتیک بلباو، دەڵێت :’لەدوای یارییەکەی بلباو بۆم دەرکەوت ئاستم لەوە خراپتر نابێت، راستە کاتێک تۆ ناتوانی گۆڵ و ئەسیست بکەی نیگەران دەبی، بەڵام من لەسەرخۆ و ئارامگر بووم، دەمزانی ئەم دۆخە تێدەپەڕێنم، بۆیە توانیم ئەو دۆخە خراپە تێبپەڕێنم’.
هێرشبەرە فەڕەنسییەکە دەشڵێت :’کاتێک لە یاریی کۆتایی جامی سوپەری ئیسپانیا بەرامبەر بارسێلۆنا دۆڕاین، هەموومان زۆر دڵتەنگ و نیگەران بووین، بەرامبەر رکابەرە لەمێژینەکەمان دۆڕاین، لەو کلاسیکۆیە ئاستێکی خراپمان پێشکەش کرد، کاتێک لەناو فڕۆکە گەڕاینەوە هەموومان دڵتەنگ بووین، بەڵام دەمانزانی هێشتا رێگایەکەی درێژمان لەبەردەم دایە و دەتوانین تێیبپەڕێنین، بۆ نموونە ئێستا هەموومان بیر لەوە دەکەینەوە چۆن سالزبێرگ تێبپەڕێنین لە یارییەکەی سبەی’.
ئێمباپێ دەشڵێت :’من کاتێک هاتبوومە ریال مەدرید، زۆر لە ئاستی پێویست زیاتر بیرم دەکردەوە، تۆ کاتێک زۆر بیر دەکەیتەوە خراپ یاریی دەکەی، من زۆر بیرم دەکردەوە، ئەگینا لە رووی توانای جەستەییەوە زۆر باش بووم و لەگەڵ هاوڕێیەکانیشم هیچ کێشەیەکم نەبوو’.
سبەی چوارشەممە، ریال مەدرید لە قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگ رووبەڕووی رێدبول سالزبێرگی نەمسایی یاریی دەکات، کە ریال مەدرید بە کۆکردنەوەی 9 خاڵ لە پلەی بیستەم دێت و لە گەیشتنی بە قۆناخی پاشکۆی گەیشتن بە قۆناخی 16 نزیکە.