فەرمی؛ رکابەرێکی سەرسەختی سەڵاح پەیوەندی بە مانچێستەر سیتییەوە دەکات
دەبێتە سێیەم گرێبەستی مێرکاتۆی زستانەی مان سیتی
یاریگا –
عومەر مەرمووش دوای تەواوکردنی پشکنینەکانی پزیشکی، واژۆی لەسەر گرێبەستەکەی لە مانچێستەر سیتی کرد.
مەرمووش یەکێکە لە دیارترین یاریزانانی ئەم وەرزە لەسەر ئاستی ئەوروپا، ئەمەش دوای پێشکەشکردنی ئاستێکی بەرز لەگەڵ ئێنتراخت فرانکفورت لە بۆندسلیگا.
مەرمووش، تەمەنی 25 ساڵان، سەرەتا ناوی بە لیڤەرپوول بەسترابووەوە، بەڵام مان سیتی بە خێرایی هاتەسەرهێڵ و لە ماوەیەکی کورتدا، تەواوی پڕۆسەکەی یەکلاییکردەوە.
“I’m fast, good on the ball and dangerous” ⚡️
Welcome to City, @OmarMarmoush 🩵 pic.twitter.com/Qc2gTVtTUi
— Manchester City (@ManCity) January 23, 2025
زۆر دڵخۆشم کە لێرەم، لە 10 ساڵی رابردوودا، مانچێستەر سیتی یەکێکە لە گەورەترین یەکێکبووە لە گەورەترین یانەکانی جیهان.
شەڕەفێکی گەورەیە یانەکە گرنگی بەمندا و ئێستا لێرەم. دوو وەرزی رابردوو زۆر شکۆدار بوون بۆ من، بەڵام ئەمە تەنیا دەستپێکی منە. نوێنەرایەتیکردنی مانچێستەر سیتی، شەڕەفێکی گەورەیە بۆ من و ماڵباتەکەم. ئەوان زۆر دڵخۆشن و وادەکات خەونەکانم بهێنە دی.
زۆر خرۆشاوم و زۆر بەپەرۆشم بۆ بینینی هاوتیمەکانم، دەمەوێت کاروانەکەم لەگەڵ ئەم یانەیە دەستپێبکەم.
سەرەتای کاروانی وەرزشی مەرمووش لەگەڵ یانەی وادی دیجلەی میسڕیی (خولی پلەیەک) بوو، مەرمووش لە یەک وەرزدا دوو گۆڵی لە 16 یاریدا کرد. لە هاوینی ساڵی 2017 مەرمووش پەیوەندی بە تیمی دووەمی ڤۆڵفسبورگەوە کرد و دوای سێ ساڵ، بووە یاریزانی تیمی یەکەمی ڤۆڵفسبورگ.
لە ماوەی مانەوەیدا لە ڤۆڵفسبورگ، دووجار بە خواستن یاریی بۆ یانەکانی سانت پاولی و شتوتگارت کرد، تاوەکو لە هاوینی ساڵی 2023 بە گرێبەستێکی خۆڕایی پەیوەندی بە فڕانکفورتەوە کرد.
مەرمووش لەوساتەوە 46 یاریی بۆ یانە ئەڵمانییەکە کردووە و خاوەنی 27 گۆڵە. لەم وەرزەشدا 15 گۆڵی لە بۆندسلیگا کردبوو، لە ریزبەندی گۆڵکاران تەنیا یەک گۆڵ لە دواوەی هاری کەین، هێرشبەری بایرن میونشنەوە بوو.
لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیش، مەرمووش 35 یاریی کردووە و خاوەنی شەش گۆڵە. پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ محەمەد سەڵاح، ئەستێرەی لیڤەرپوول هەیە.
هەفتەی رابردوو، مەرمووش لەسەر تەواوی مەرجەکانی کەسی لەگەڵ مان سیتی رێککەوت و پاشان هەردوو یانەکە لەسەر بەهاکەی گەیشتنە رێککەوتن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی سکای سپۆرتس، مان سیتی بەبڕی 63.2 ملیۆن پاوەند ئێنتراختی بە گواستنەوەی مەرمووش رازیکردووە و گرێبەستەکە تاوەکو هاوینی 2029 دەبێت