فۆرمولا وەنگرنگترین

یەکەم رۆژی هامڵتن لەگەڵ فێراری چۆن بوو؟

چاوەڕوانییەکانی تیمە ئیتاڵییەکە گەورەن

Yariga App

یاریگا –

لویس هامڵتن، شۆفێری فۆرمولا وەنی بەریتانی بە فەرمی کارەکانی لەگەڵ تیمی فێراری ئیتاڵی دەستپێکرد.

هامڵتنی تەمەن 40 ساڵان، دوێنێ گەیشتنە ئێمیلیا رۆماگنا، شوێنی بارەگای سەرەکی تیمە ئیتاڵییەکە و لەلایەن بێنێدێتۆ ڤیگنا، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و ئەندامان پێشوازیلێکرا، دواتر دەرگاکانی مارانێلۆ، کارگەی فێراری بۆ کرایەوە.

هامڵتن بە چاکەت و پانتۆڵێکی کلاسیک چووە گۆڕەپانی فیۆرانۆ، کە پێشبینی دەکرێت، یەکەم تاقیکردنەوەی هامڵتن بێت لەگەڵ تیمی فێراری.

هامڵتن یەکەم فۆتۆشووتێکی لە بەردەرگای ماڵی ئێنزۆ فێراری لەگەڵ ئۆتۆمبێلی فێراری F40 گرت. ئەم ئۆتۆمبێلە، دڵخوازترین ئۆتۆمبێلی هامڵتنە. بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەی هونەری زیاتر بکەن و یەکێک لە کارە سەرەکییەکان، دەستپێکردنی کۆرسی فێربوونی زمانی ئیتاڵییە.

سبەی چوارشەممە، هامڵتن بۆ یەکەمجار ئۆتۆمبێلی فۆرمولا وەنی فێراری لێدەخووڕێت و ئیتر ئامادەکارییەکانی وەرز دەستپێدەکات.

یەکەم لێدوانی هامڵتن لە بارەگای سەرەکی فێراری ئەمەیە

هەندێک رۆژ هەن، دەزانیت تاهەتایە لە هزردا دەمێنێتەوە، ئەمڕۆ یەکێک دەبێت لەو رۆژانە. بەخت یاوەرم بووە، چونکە دەستکەوتی گەورەم لە کاروانی وەرزشیدا بەدەستهێناوە، پێشتر هەرگیز بڕوام بە بەدەستهێنانیان نەدەکرد، بەڵام بەشێک لە جەستەم بەردەوام خەونی بە کێبڕکێکردن بە رەنگی سوور (تیمی فێراری) دەبینی. دڵخۆشم خەونەکەم هاتەدی.

هەوڵدەدەم هەموو تواناکانی خۆم لە خزمەتی تیمەکە بەکاربهێن، ئەمڕۆ چاپتەرێکی نوێی مێژووی ئەم تیمە ناوازەیە دەستپێدەکات. زۆر بەپەرۆشم بۆ نووسینەوەی مێژوو بەیەکەوە.

یەکەم پابەندی میدیایی هامڵتن لەگەڵ تیمی فێراری لە 18ی مانگی داهاتوودا دەبێت و رۆژێک دواتر، فێراری ئۆتۆمبێلەکانی بۆ وەرزی نوێ ئاشکرا دەکات.

ئامادەکارییەکانی وەرزی نوێ لە کۆتاییەکانی مانگی داهاتوو لە بەحرەین دەستپێدەکەن، بۆیە هامڵتن کاتێکی زۆری لەبەردەستدا نییە و لەمڕۆوە، پڕۆسەی خۆگونجاندن لەگەڵ تیمە نوێیەکەی دەستپێدەکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی تایمز، هامڵتن بەر لە دەستپێکردنی ئامادەکارییەکانی وەرزی نوێ، بە جیا دەچێتە گۆڕەپانی بارسێلۆنا و فیۆرانۆ، ئامادەکارییەکانی لەگەڵ فێراری دەستپێدەکات.

بابەتی زیاتر

Back to top button