گارناچۆ پەیوەندی بە رکابەرێکی مانچێستەر یونایتد دەکات
چی لەبارەی لیستی گواستنەوەکانی مانچێستەر یونایتد دەزانین؟
یاریگا –
هەرچەندە لە دوا رۆژەکانی گواستنەوەی یاریزانان نزیکدەبینەوە، تاوەکو ئێستا مانچێستەر یونایتد چارەنووسی چەند یاریزانێکی یەکلایینەکردووەتەوە.
روبن ئامۆریم، راهێنەری مانچێستەر یونایتد، داوای گواستنەوەی بەرگریکارێکی کردووە، بەڵام لە هەمان کاتدا، هەریەکە لە مارکوس راشفۆرد، ئالێخاندرۆ گارناچۆ و تیرێل مالاسیا لە چوونە دەرەوە نزیکن.
گارناچۆ دەچێتە چێڵسی؟
رۆژنامەی ئێکسپرێس بڵاویکردووەتەوە، بەڕێوەبەری کارەکانی گارناچۆ لە ستامفۆرد بریج، لەگەڵ بەرپرسانی باڵای چێڵسی کۆبووەتەوە و باسیان لە ئەگەرەکانی گواستنەوەی گارناچۆ بۆ باکووری لەندەن کردووە.
هەریەکە لە کارلۆس کامبێیرۆ و کوینکی دێ لوکاس، کاربەدەستانی کۆمپانیای ‘لیدەرس – Lead3rs’ کە کارەکانی گارناچۆ بەڕێوەدەبەن، ئامادەی یاریی شەوی رابردووی چێڵسی بەرامبەر وۆلڤز بوون.
ناپۆلی تەواوی تواناکانی خۆی بۆ گواستنەوەی گارناچۆ خستووەتەگەڕ، بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی کۆریێری دێلۆ سپۆرت، ناپۆلی بڕی 59 ملیۆن پاوەندی بۆ گواستنەوەی گارناچۆ ئامادەکردووە.
پێشتر فابریزیۆ رۆمانۆ، رۆژنامەنووسی دیاری گواستنەوەی یاریزانان رایگەیاندبوو، ئانتۆنیۆ کۆنتی، راهێنەری ناپۆلی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ گارناچۆ کردووە، بەڕاشکاوی باسیان لە ئەگەرەکان کردووە.
پێدەچێت ئەم هەفتەیە بۆ یەکلاییکردنەوەی چارەنووسی گارناچۆ یەکلاییکەرەوە بێت، چونکە ناپۆلی هەموو هەوڵێکی بۆ دەەدات، تاوەکو شوێنی خڤیچا کڤاراتسخێلیا، ئەستێرەی نوێی پاری سانجێرمان بگرێتەوە.
پاتریک دۆرگوو
ئامۆریم داواکاری فەرمی بۆ گواستنەوەی بەرگریکارێکی ئاڕاستەی بەڕێوەبەرایەتی وەرزشی یانەکە کردووە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئاتلێتیک، مان یونایتد، دۆرگوو، بەرگریکاری لێچی ئیتاڵی کردووەتە ئامانج و بەهای یاریزانە 20 ساڵییەکە دەگاتە 30 ملیۆن پاوەند.
دۆرگوو ئامادەیە ببێتە سەربازی ئامۆریم و رێککەوتنێکی زارەکی لە نێوانیاندا هەیە، تەنیا ئۆفەری فەرمی مان یونایتد بۆ گواستنەوەی ماوە.
هەرچەندە جیانلوکا دی مارزیۆ، رۆژنامەنووسی ئیتاڵی روونیکردووەتەوە، ناپۆلی رکابەری سەرەکی مان یونایتدە لەسەر گواستنەوەی دۆگروو، بەڵام مان یونایتد نزیکترینە.
راشفۆرد دەیەوێت یاریی بکات
9 یارییە راشفۆرد بەشداری هیچ یارییەکی مانچێستەر یونایتدی نەکردووە و یاریزانەکە دەیەوێت یاریی بکات.
رۆژنامەی دەیلی مەیڵ بڵاویکردووەتەوە، راشفۆرد مەشقی زیاتر بۆ پاراستنی دۆخی جەستەیی دەکات، لە هەمان کاتدا داوای یەکلاییکردنەوەی چارەنووسەکەی دەکات.
سەرەڕای زۆربوونی دەنگۆکانی چوونە دەرەوەی لە ئۆڵدترافۆرد، بەڵام راشفۆرد ئامادەیە جارێکی دیکە یاریی بۆ مان یونایتد بکات.
ئەیسی میلان، مۆناکۆ و بۆڕووسیا دۆرتموند ئامادەیی خۆیان بۆ گواستنەوەی راشفۆرد پیشانداوە، بەڵام بەرزی مووچەکەی، کێشەی گەورەی لە گواستنەوەی راشفۆرد دروستکردووە.