یاریگا –
نەورۆز لەم وەرزەی خولی ئەستێرەکانی عێراق هەشت یاریی لە دەرەوەی یاریگای خۆی کردووە و سەرکەوتنی بە دەست نەهێناوە.
لە بەغدا و تایبەت لە یاریگای ئەحمەد رازی، لە گەڕی 15ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، نەورۆز لەگەڵ نەفت یەکسان بوو بە گۆڵێک، هەشتەم یارییە نەورۆز لەم وەرزە لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەکات و تا ئێستا سەرکەوتنی بە دەست نەهێناوە و شەش شکست و دوو یەکسان بوونی هەیە.
دوای کۆتایی هاتنی یارییەکە، قەحتان جەسیر راهێنەری نەفت دەربارەی ئەنجامی یارییەکە گوتی:
ئەو یارییەشمان تەواوکەری پلانەکانی یارییەکانی ترمانە کە ئێمە دەمانەوێ لە سەری بەردەوام بین کە دەستمان پێکردووە، هەوڵماندا گۆڕانکاری لە شێوازی یارییکردنمان بکەین تایبەت کە بە سێ هێرشبەر و زیاتر یارییمان کرد کە ئەوەش وایکرد گۆڵی یەکسان تۆمار بکەین، بە دەستهێنانی خاڵێک باش بوو، بەڵام تیپەکە پێویستی بە کارکردنی زیاترە لە داهاتوودا.
لەم یارییەشدا وائیل بن عوسمان بەرگریکاری تونسی نەورۆز کە لە گواستنەوەی زستانە پەیوەندی بە یانەکە کردووە بە باشترین یاریزانی یارییەکە دەسەنیشانکرا.
سوور پۆشەکانی سلێمانی بەم یەکسان بوونە کۆی خاڵەکانیان گەیاندە 18 خاڵ و لە ریزبەندی 15ـەم دێن، یاریی داهاتووش هەر لە بەغدا بەرامبەر شوڕتەی خاوەن پلەی دووەمی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق یاریی دەکەن.