چی لەبارەی دووبارە هەڵبژاردنەوەی پێرێز و گۆڕانکارییەکانی ریال مەدرید دەزانین؟
پێرێز سێ کەسایەتی نوێ و گرنگی کردووەتە ئەندامی دەستەی کارگێڕی
یاریگا –
دووبارە هەڵبژاردەی فلۆرێنتینۆ پێرێز بە سەرۆکی ریال مەدرید پێشبینیکراوبوو، بەڵام چەند گۆڕانکارییەکی کارگێڕی کراون و جێگەی هەڵوەستەن.
فرانچیسکۆ گارسیا سانز، سەرۆکی پێشووی ڤۆڵفسبورگی ئەڵمانی، بووەتە ئەندامێکی نوێی دەستەی کارگێڕی یانەکە. جیا لە سانز، دوو ئەندامی نوێی دیکە هەڵبژێردراون.
پێرێز بۆ پێنجەمین جار لەسەریەک، بووەوە سەرۆکی مەدرید، بەبێ ئەوەی هیچ رکابەرێکی هەبێت.
هەریەکە لە گارسیا سانز، مانوێل ریدۆندۆ سیێرا و خۆسێ ئانخێل سانچێز، سێ نوێترین ئەندامی دەستەی کارگێڕی ریال مەدریدن.
گارسیا سانز لە ساڵانی نێوان 2009 تاوەکو 2018، سەرۆکی ڤۆڵفسبورگ بووە، پێشتر لە ساڵی 2004 ببووە ئەندامی دەستەی کارگێڕی یانە ئەڵمانییەکە.
ریدۆندۆ سیێرا، پێشتر بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکی ریال مەدرید بووە، ئانخێل سانچێزیش، بەڕێوەبەری گشتی یانە مەدریدییەکە بوو، بەڵام ئێستا بەرپرسیارێتی زیاتر وەردەگرن و هەردووکیان، لە ساڵی 2000ەوە لە یانە مەدریدییەکە کار دەکەن.
پێرێز بۆ یەکەمجار لە ساڵی 2000 بووە سەرۆکی مەدرید و تاوەکو 2006 بەردەوامبوو، دواتر لە ساڵی 2009 جارێکی دیکە پۆستەکەی وەرگرتەوە. پێرێز لە هەڵبژاردەنەکانی 2013، 2017، 2021 و 2025 بەمتمانەیەکی زۆری ئەندامان، پۆستەکەی وەرگرتەوە.
مەدرید لە سەردەمی پێرێز حەوت لالیگا و حەوت چامپیۆنزلیگی بەدەستهێناوە، ئەمەش ریکۆردێکی مێژووییە.
گۆڕانکارییەکان چی لە ریال مەدرید دەگۆڕن؟
ریدۆندۆ سیێرا و ئانخێل سانچێز، دوو کەسایەتی زۆر گرنگی نێو یانە شاهانەکەن و لەدوای پێرێز، دوو باڵادەستترین کەسایەتین.
سەرچاوەیەک بە تۆڕی ئاتلێتیکی راگەیاندووە؛ گۆڕانکارییەکان کاریی جێبەجێکارییان ناگۆڕێت، بەڵکو بەرپرسیارێتی و دەسەڵاتیان لە نێو یانەکە زیاد دەکات.
لەلایەکی دیکەوە، ریال مەدرید فرانسیسکۆ گارسیا، گەورە کارسازی ئیسپانیا هێناوەتە نێو یانەکە، بەگوێرەی هەمان سەرچاوە؛ گارسیا ناوبانگێکی گەورەی لە سێکتەری پیشەسازی ئۆتۆمبێلدا هەیە، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرانی کۆمپانیای ڤۆڵفسڤاگنە. بەڵام لە سەرووی هەموویەوە، شارەزاییەکی تەواوی لەسەر وەرزش هەیە و لە ساڵانی نێوان 2009 تاوەکو 2018 سەرۆکی یانەی ڤۆڵفسبورگ بووە.
سەرچاوەکەی نێو دەستەی کارگێڕی مەدرید روونیکردووەتەوە، سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی یانەیەکی ئەڵمانی بووە، بەڵام بەردەوام دڵی بۆ مەدرید لێیداوە و مەدریدێستاییەکی دێرینە.