عێراقکوردستان

دهۆک و نەورۆز و زاخۆ رووبەرووی سێ نەفتی جیاواز دەبنەوە

مێژووی زاخۆ بەرامبەر نەفتی بەسڕە باش نیە

Yariga App

هەر یەک لە یانەکانی دهۆک و نەورۆز و زاخۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆیان بەرامبەر سێ نەفتی جیاواز یاریی دەکەن.

لە گەڕی 15ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاتژمێر 2:30 لە بەغدا نەورۆز بەرامبەر نەفت یاریی دەکات، هەر دوو یانە حەفت یارییان کردووە، سێ بردنەوە بۆ نەورۆز بووە و سێ یەکسان بوون و نەفتیش یەک سەرکەوتنی هەیە، سەرجەم یاریزانەکانی نەورۆز ئامادەن جگە لە محەمەد زریقاتی ئەردەنی کە دوێنێ گرێبەستی لەگەڵ یانەکە واژۆ کردووە.

نەورۆز 17 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 15ـەم دێت، لە سێ یاریی رابردووشدا دوو سەرکەوتن و شکستێکی هەیە، نەفتیش 23 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی حەفتەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.

لە هەمان کاتدا دهۆک لە میسان رووبەرووی نەفتی میسان دەبێتەوە، ئارتین ماسیس و زوڵفەقار یونس بە هۆی پێکان و کەریم دەروێشی لوبنانیش بەهۆی وەرگرتنی کارتی سوور لە یاریی رابردوو ئامادە نابن، لە مێژوودا نۆ یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، دهۆک دوو یاریی سەرکەوتنی بە دەستهێناوە و نەفتی میسانیش دوو یاریی بردۆتەوە و لە پێنج یارییشدا یەکسان بوونە، یارییەکیش لە جامی عێراق نەفتی میسان لە دهۆکی بردۆتەوە.

دهۆک بەم دواییانە ئەنجامەکانی دڵخۆشکەرن و بە 24 خاڵ لە ریزبەندی پێنجەم دێن، نەفتی میسانیش 22 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی هەشتەم دێت.

زاخۆ دوای شکستە چاوەڕوان نەکراوەکەی گەڕی رابردوو بەرامبەر کارەبا، کاتژمێر 7:30ـی ئێوارە لە بەسڕە دەبێتە میوانی نەفتی بەسڕە، زاخۆ مێژووی بەرامبەر نەفتی بەسڕە باش نیە وهەر دوو یانە 18 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، زاخۆ لە سێ یارییدا براوە بووە و نەفتی بەسڕەش حەفت یاریی بردۆتەوە و لە هەشت یارییشدا یەکسان بوونە، ئەحمەد یاسینی یاریزانی نوێی یانەکەش بە رێژەیەکی زۆر بۆ یارییەکە ئامادە نابێت.

بە کۆکردنەوەی 25 خاڵ زاخۆ لە ریزبەندی پێنجەمی خولەکەیە، نەفتی بەسڕەش 14خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 17ـەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.

بابەتی زیاتر

Back to top button