یاریگا –
یاریدەدەری راهێنەری هەولێر باس لە گرنگی سەرکەوتنەکەیان بەرامبەر کەرخ دەکات.
لە گەڕی 15ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بە ئەنجامی 4 _ 2 لە کەرخی بردەوە، دوای دوو شکست و یەکسان بوونێک لە خولەکە، جارێکی تر هەولێر رێچکەی سەرکەوتنی گرتەوە.
حوسێن کازم یاریدەدەری راهێنەری هەولێر دەربارەی سەرکەوتنە گەورەکەیان و ئاستی یاریزانەکان لە یارییەکە لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی رایکەیاند:
بۆ ئەوەی جارێکی تر بە سەرکەوتنەکان شادبینەوە و دەروونی یاریزانەکانمان بگەڕێتەوە باری ئاسایی خۆی، زۆر پێویستمان بەم سەرکەوتنە هەبوو، یارییەکی قورس چاوەڕێی دەکردین بە تایبەت دوای چەند ئەنجامێکی خراپی بەدوای یەک، ئامادەین لە داهاتوو دا باشتریش دەربکەوین تایبەت دوای هێنانی چەند یاریزانێک بۆ تیپەکە.
مەهدی هاشم گۆڵپارێزی تیپەکە سەبارەت بەم سەرکەوتنە گوتی:
بەڵێنمان بە دەستەی راهێنەران دابوو کە لەم یارییە بە ئاستێکی بەرز دەربکەوین کە لە ئاست ناوی هەولێر بێت لە خولەکە، سوپاس بۆ خوا بە ڵێنەکەمان بە جێگەیاند و بە ئەنجامێکی باش سەرکەوتین.
بەم سەرکەوتنە بە 22 خاڵ هەولێر دوو خانە لە ریزبەندی هاتە پێشەوە و لە ریزبەندی نۆیەم دێت، گەڕی داهاتووش لە یاریگای خۆی رووبەرووی کەربەلا دەبێتەوە کە چوار یارییە سەرکەوتنی بە دەست نەهێناوە و لە جامی عێراقیش بەرامبەر پێشمەرگەی سلێمانی شکستی هێنا.