یاریگا –
میکێل ئارتێتا، راهێنەری ئارسیناڵ لە کەمی بژاردەکانی بەردەستی نیگەرانە، ئەمەش دوای یەکسانبوونی لە یاریگای خۆی بەرامبەر ئاستۆن ڤیلا 2-2.
ویلیام سالیبا، لە یارییەکەدا تووشی پێکانێکی سەختبووە و لەوانەیە بۆ ماوەیەکی درێژ دووربکەوێتەوە، بۆیە ئارتێتا گلەیی لە قووڵایی پێکهاتەکەی کرد، بەراورد بە لیڤەرپوول، کە لە کاتی زیادکراودا دوو گۆڵی لەڕێگەی داروین نونێز لە برێنتفۆرد کرد.
ئارتێتا لە دوای یارییەکە روونیکردەوە
(لیڤەرپوول) گۆڕانکاری کرد، گۆڕانکارییەکان کاریگەرییان دروستکرد و توانیان یارییەکە بگۆڕن. بەڵام بۆ ئێمە بابەتەکە تەواو جیاواز بوو، دوای ئەوەی دوو گۆڵمان لە ماوەیەکی کورت لێکرا، لە مەترسیدابووین، چونکە من سرووشتی یانەکە دەزانم، بەهۆی یاریی زۆرەوە لەڕووی جەستەییەوە لاواز دەبن.
ئارتێتا بە درێژایی یارییەکە تەنیا یەک گۆڕانکاری کرد، کاتێک بەشداری بە رەحیم ستێرلینگ کرد و نەیتوانی هیچ جیاوازییەک دروستبکات. ئارتێتا لەسەر گۆڕانکارییەکە گوتی
کاتێک سەیری ئاست دەکەیت نەک ئەنجام، نازانم چەند یانە لەسەر هەمان ئاستی ئێمە یاریی دەکەن، بەڵام کاتێک سەیری کورسی یەدەک دەکەیت، بۆت دەردەکەوێت، چەند یاریزانمان کەمە.
لەبارەی پێکانەکەی سالیبا، ئارتێتا دەڵێت
زۆر نیگەرانم، چونکە ژمارەیەکی زۆری یاریزانمان پێککراون و ئەمەش کێشەکان زیاد دەکات.
ئارسیناڵ بەکۆکردنەوەی 44 خاڵ و بە جیاوازی شەش خاڵ لەگەڵ لیڤەرپوول، لە پلەی دووەمی پرێمەرلیگدا دێت. یاریی داهاتووی بەرامبەر وۆڵڤزە و بەر لەوە لە چامپیۆنزلیگ میوانداری دینامۆ زاگریب دەکات.