یاریگا –
بە مەبەستی گەڕانەوە بۆ رێچکەی سەرکەوتنەکان و ئاشتکردنەوەی هاندەرانی، هەولێر لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر کەرخ یاریی دەکات.
لە گەڕی 15ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، دوو شەممە ( 19ـی کانوونی دووەمی 2025 ) کاتژمێر 2:30ـی دوای نیوەڕۆ هەولێر لە بەغدا رووبەرووی کەرخ دەبێتەوە، ئەم یارییە بۆ هەردوو یانە گرنگە تایبەت هەولێر کە چوار یارییە بەدوای یەک سەرکەوتنی بە دەست نەهێناوە.
کەرخ و هەولێر 38 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، هەولێر نۆ بردنەوەی بە دەستهێناوە و لە 15 یارییدا یەکسان بوونە و کەرخیش 14 یاریی بردۆتەوە، هەولێر 43 گۆڵی کردووە و کەرخ 61 گۆڵی لە کەنارییەکانی بەغدا کردووە، یەکەمین یاریی نێوانیان لە 16 _ 11 _ 1990 بوو کاتێک لە یاریگای کەرخ لە خولی نایابی عێراق یارییان کرد و کەرخ 4 _ 0 لە هەولێری بردەوە، دوا هەمین یاریشیان لە 8 _ 5 _ 2024 بوو لە خولی ئەستێرەکانی عێراق بەبێ گۆڵ یەکسان بوون.
هەولێر بە 19 خاڵ لە ریزبەندی 11ـەی خولەکە یە، کەرخیش 12 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 18ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت، کەرخ یەکەم یارییە لە ژێر سەرپەرشتی ئەحمەد عەبدولجەبار دەیکات دوای دەستلەکار کێشانەوەی هەیسەم شەعبانی راهێنەری میسری کە بە هۆی ئەنجامە خراپەکانیەوە وازی لە ئەرکەکەی هێنا.