یاریگا –
کارلۆ ئەنچیلۆتی لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی پێش یاریی لاس پالماس باسی فیکەی هاندەرانی ریال مەدرید و پشتیوانی یانەکەی کرد، ئامادەبوونی ئالاباشی بۆ یاریکردن راگەیاند.
کارلۆ ئەنچیلۆتی لەبارەی فیکەی هاندەران لەدوای دۆڕانیان لە یاریی کلاسیکۆ لە جامی سوپەری ئیسپانیا، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە گوتی :’دۆڕانەکەمان بەرامبەر بارسێلۆنا لە ئەستۆی مندابوو، بۆیە قبوڵمە و دادپەروەرانەیە هاندەران فیکەیان بۆ لێدام، پێویستە ئەمە لەبیر بکەین، من پەیوەندییەکی باشم لەگەڵ یانەکەم هەیە، من هەمیشە بە درێژایی کارکردنم لێرە هەستم بە پشتیوانی و پاڵپشتی یانەکەم کردووە، من لام ئاساییە گومان و دوڕدۆنگی بەرامبەر من هەبێت’.
تۆڕی وەرزشی ریلیڤۆی ئیسپانی ئاشکرایکردووە، ریال مەدرید پشتگیری ئەنچیلۆتی دەکات و ئامادە نییە لە ناوەڕاستی وەرز بڕیاری دوورخستنەوەی راهێنەرەکەی بدات، بەڵام ئەگەر ریال مەدرید لە چامپیۆنزلیگ زوو بکرێتە دەرەوە، ئەوا یەکسەر بڕیاری دوورخستنەوەی راهێنەرە ئیتاڵییەکە دەدەن.
هەروەها لەبارەی گرێبەستکردنی یانەکەیان لە مێرکاتۆی زستانە، ئەنچیلۆتی گوتیشی :’من لەگەڵ خۆسیێ ئەنخێل گفتوگۆم کرد و باسی هەموو شتێکمان کردووە’.
ئەنچیلۆتی لەبارەی داڤید ئالاباش گوتی :’ئالابا هیچ کێشەی نییە و بۆ یاریکردن ئامادەیە، ئەو لە راهێنانەکان دۆخی باشە و سبەی لە پێکهاتەی یارییەکە دەبێت، سەرەکی نابێت بەڵام لەوانەیە چەند خولەکێک یاریی بکات’.
سبەی ریال مەدرید لە گەڕی بیستەمی لالیگا، لە یاریگای خۆی کاتژمێر 18:15 میوانداریی لاس پالماس دەکات.