تایبەت بە یاریگا؛ هەولێر لە هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی دوو یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق دەکشێتەوە
لە هەوڵدابوو رێبین سولاقا و عەمار موحسین بگوازێتەوە ریزەکانی
یاریگا –
یانەی هەولێر دەیەوێت دوو یاریزانی هەڵبژاردەی عێراق بگوازێتەوە ریزەکانی، بەڵام هەردوو یاریزانەکە بە هۆکاری جیاواز ئەستەمە بتوانن درێسی یانەی قەڵاومنارە بپۆشن و هەولێر لە گفتوگۆیەکانی دەکشێتەوە.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، یانەی هەولێر هەوڵی گواستنەوەی رێبین سولاقا بەرگریکاری هەڵبژاردەی عێراق و عەمار موحسین هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراقی داوە، بەڵام تا راددەیەکی زۆر هەولێر بە هۆکاری جیاواز لە گواستنەوەی ئەو دوو یاریزانە بێ هیوا بووە.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی تۆڕی وەرزشی یاریگا، هەولێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی هێلی بەرگری دەستی بە گفتوگۆ کردووە بۆ ئەوەی رێبین سولاقا بەرگریکاری 32 ساڵانی هەڵبژاردەی عێراق بگوازێتەوە ریزەکانی، کە ئێستا ئەو یاریزانە کوردستانییە بێ یانەیە، بەڵام سولاقا تا کۆتایی وەرز داوای 500 بۆ 600 ملیۆن دیناری کردووە و یانەی هەولێریش ناتوانێت ئەو پارەیەی پێبدات و بڕیاریداوە لە گفتوگۆیەکان بکشێتەوە.
سولاقا کە بە رەسەن خەڵکی هەولێرە و لە عەنکاوە لەدایکبووە، لە بۆرسەی یاریزانان بەگوێرەی پێگەی ترانسفێر مارکێت نرخەکەی 100 هەزار دۆلارە، خاوەنی 47 یارییە بە درێسی هەڵبژاردەی عێراق و گۆڵێکیشی کردووە.
لەلایەکی دیکە، هەولێر گفتوگۆی لەگەڵ عەمار موحسین هێرشبەری هەڵبژاردەی عێراق کردووە، ئەو هێرشبەرە 27 ساڵانە کە خاوەنی دوو یارییە بە درێسی شێرەکانی رافیدەین، لە ریزەکانی یانەی براگی سویدی یاریی دەکات و یانەکەی رەتیدەکاتەوە دەستبەرداری بێت.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، عەمار موحسین زۆر حەز دەکات پەیوەندی بە ریزەکانی یانەی هەولێرەوە بکات و رەزامەندیی داوە، بەڵام یانەکەی رەتیدەکاتەوە دەستبەرداری بێت کە ساڵێک لە گرێبەستەکەی ماوە و کۆتایی ئەمساڵ گرێبەستەکەی کۆتایی دێت.
تۆڕی وەرزشی یاریگا زانیویەتی، بەرپرسانی یانەی هەولێر دۆسیەی ئەو دوو یاریزانەیان داخستووە و کۆتاییان بە گفتوگۆکانیان بۆ گواستنەوەی ئەو دوو یاریزانە هێناوە، کە تاوەکو ئێستا لە مێرکاتۆی زستانە یانەی هەولێر هیچ گرێبەستێکی یەکلا نەکردووەتەوە.