یاریگا –
یۆرگن کڵۆپ راشکاوانە قسەی خۆی کرد لەسەر زۆربوونی ژمارەی یارییەکان بەهۆی کردنەوە و فراوانکردنی خول و پاڵەوانێتیە جیاوازەکانی تۆپی پێ.
کڵۆپ کە 7 مانگ پێش ئێستا دوای ساڵانێکی زۆر لە راهێنەرایەتیکردنی یانەی لیڤەرپوول وازیهێنا، لەم مانگی یەنایەردا و لە چوارچێوەی هەنگاوێکی جیاوازتردا بە فەرمی وەک سەرپەرشتیاری یەکەم سەرجەم تیمە جیاوازەکانی رێد بوڵ دەستبەکاربوو.
لە نوێترین چاوپێکەوتنیدا لە نەمسا، لە پاڵ زۆر تەوەری دیکەدا قسەی لەسەر چڕبوونی خشتەی یارییەکان کرد، هاوکات پاڵەوانێتیە نوێیەکەی جامی جیهانی یانەکان کە مانگی یۆنیۆ و یۆلیۆی ئەم ساڵ لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێ، بە “بێ سوود” وەسفکرد و وتی
دەزانم یانەی ساڵزبێرگ (تیمێکی سەربە کۆمپانیای رێد بوڵ) لە پاڵەوانێتیەکەدا بەشدارە، بەڵام بمەوێ بڵێم حەزم لەو پاڵەوانێتیەیە؟ نەخێر حەزم لێنیە، چونکە شتێکی بێکەڵکە. هیچ هاوکار نابێت. هیچ پشوویەکی هاوینەت نابێ. هەر یانەیەکیش ببێتە پاڵەوان، ئەوا هەژارترین پاڵەوانە بەدرێژایی مێژوو چونکە دەبێ بەدرێژایی هاوینەکە یاریی بکەیت. دوای ئەوەش یەکسەر خولی ناوخۆیی دەستپێدەکات. ئێستا حاڵەتی پێکانمان زۆر هەیە لە تۆپی پێی ئەورووپی. دەبێ لە هەندێ خاڵدا ژمارەی یارییەکان کەمبکەینەوە. هەندێ جار ئەو شتەی کەمتر دەیبینی، زیاتر خۆشتدەوێ.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا یۆرگن لەبارەی ئەوەی ئایا دەگەڕێتەوە بۆ کاری راهێنەرایەتیی لە داهاتوودا، وتی
7 مانگ پێش ئێستا کە وازم لە لیڤەرپوول هێنا زۆر بە ئاگاییەوە وازمهێنا. وتیشم کە چیتر راهێنەرێکی گونجاو نیم بۆ یانەکە، بەڵام هەرگیز نەموت چیتر ناگەڕێمەوە بۆ بواری راهێنەرایەتیی. ئەوە بوو دوای چەند مانگێکی کەم چانسێکی دیکە هاتەپێشەوە (ئەرکە نوێیەکەی ئێستای.)
ناوبراو وەسفی دۆخی ئێستای خۆیکرد و خەختیکردەوە کە نەک رۆژ لەدوای رۆژ بەپەرۆشە بۆ ئەرکەکە، بەڵکوو هەستدەکات بەسوودیشە.