بارسێلۆنا بەهۆی هێشتنەوەی ئاراوخۆ، راشفۆرد لەدەستدەدات
"راشفۆرد یانەی داهاتووی دەستنیشان دەکات"
یاریگا –
بەهۆی بڕیاری مانەوەی رۆناڵد ئاراوخۆ، بارسێلۆنا لە گواستنەوەی ئەستێرەیەک پاشەکشە دەکات.
تۆڕی هەواڵی سکای سپۆرتس بڵاویکردووەتەوە، بەهۆی ئەوەی ئاراوخۆ بڕیاریداوە لە بارسێلۆنا بمێنێتەوە، یانەکە ئەگەرێکی کەمی هەیە بتوانێت مووچەی مارکوس راشفۆرد دابین بکات و توانای گواستنەوەی یاریزانەکەی نابێت.
ئاراوخۆ داوای لە یانەکەی کردبوو رێگەی بدەن بڕوات، یوڤێنتوسی ئیتاڵیش بۆ گواستنەوەی لەسەرهێڵ بوو، بەڵام دوای گفتوگۆیەکی زۆر یانە کاتالۆنییەکە بەرگریکارە ئوروگواییەکەی رازیکرد بمێنێتەوە.
هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی سکای، ئەمڕۆ نوێنەرانی راشفۆرد لەگەڵ مانچێستەر یونایتد گفتوگۆی ئەگەرەکانی رۆیشتنی یاریزانەکە بەشێوەی خواستن دەکەن.
نوێنەرانی یاریزانەکە لەگەڵ چەند یانەیەکی ئیتاڵی و ئیسپانی گفتوگۆیان کردووە. پێشبینی دەکرێت ئەمڕۆ ناوی ئەو یانەیە بە شەیتانە سوورەکان بدەن کە راشفۆرد دەیەوێت پەیوەندی پێوەبکات.
میلان لە هەموو یانەکان زیاتر لەسەر گواستنەوەی یاریزانەکە سوورە، بەتایبەت دوای پەیوەندیکردنی راندڵ کۆلۆ موانی بە یوڤێنتوس، یانەکەی میلانۆ هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی هێرشبەرە ئینگلیزەکە چڕدەکاتەوە.
تۆڕە بەریتانییەکە ئامەژەی بەوەش کردووە سەرجەم بژاردەکان سەبارەت بە مارکوس هێشتا لەسەر مێزەکەن، لەنێویاندا مانەوە لە ئۆڵدترافۆردیش هێشتا ئەگەرێکی کراوەیە.