یاریگا –
تیروپشکی جامی هەرێمی کوردستان راکێشرا و ئەم وەرزە بە شێوازێکی جیاوازتر یارییەکانی بەڕێوە دەچێت.
بە بەشداری 30 یانە ئەمڕۆ تیروپشکی جامی هەرێمی کوردستان راکێشرا، ئەم وەرزە 15 یانەکەی نایابی کوردستان و 15 یانەکەی خولی پلە یەکی کوردستان سەرجەمیان بەشداری دەکەن، یارییەکانی قۆناخی یەکەمی پاڵەوانێتیەکە بە شێوەی سنووری جوگرافی یانەکان بەرێوە دەچێت کە ئەمەش وایکرد چەندین یاریی دێڕبی لە خۆ بگرێت.
یانەکانی سنووری هەولێر هەشت یانەن پیشەسازی بەرامبەر هەندرێن یاریی دەکات و زانکۆی جیهانیش میوانداری شەقڵاوە دەکات، پێشمەرگەی هەولێر لە یاریگای خۆی رووبەرووی هەولێر دەبێتەوە و کۆیە و برایەتیش لە کۆیە یاریی دەکەن.
لە گڕوپی دهۆک زاخۆ و سێمێل لە یاریگای زاخۆ و دهۆکیش میوانداری تەناهی دەکات، ئاکرێش چاوەڕوان دەبێت، لە گڕوپی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، هەڵۆ لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر سۆران یاریی دەکات و رواندزیش چاوەڕوانە، هەر دوو یانەی ئاکرێ و رواندز کە لە گڕوپەکانیان چاوەڕوانن بەپێی یاسای پاڵەوانێتیەکە رووبەرووی یەکتر دەبنەوە لە ئاکرێ.
لە گڕوپی سلێمانی، سەید سادق میواندارێ چەمچەماڵ دەکات و بابان و بازیانیش بەرامبەر یەکتر یاریی دەکەن، سیروانی نوێ دەبێتە میوانی چوارقوڕنە کە لە گڕوپی دەڤەری راپەرین چاوەڕوانە.
گڕوپی دەڤەری راپەرین یاریی دێڕبی لە نێوان قەڵادزێ و رانیە لە یاریگای تیپی یەکەم دەکرێت، لە گڕوپی کەرکوکیش خاک لە یاریگای خۆی بەرامبەر شۆرجە یاریی دەکات.
لە گڕوپی گەرمیان یاریی دێڕبی لە نێوان رزگاری و شێروانە لە یاریگای رزگاری بەرێوە دەچێت، کفریش لە یاریگای خۆی رووبەرووی دەربەندیخان دەبێتەوە.
یارییەکانی جامی هەرێمی کوردستان دوای تەواو بوونی قۆناخی یەکەمی خولی نایابی کوردستان و خولی پلە یەکی کوردستان دەکرێت، یارییەکانیش بە شێوازی دەرچوون بە یەک دۆڕان بەڕێوە دەچێت.
چوارەم وەرزە بە دوای یەک یەکێتی تۆپی پێی کوردستان جامی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەبات، لە سێ وەرزی رابردوو یانەکانی برایەتی و پێشمەرگەی هەولێر و هەندرێن جامەکەیان بە دەستهێناوە.