ئیماڕاتی و قەتەرییەک فریای بارسێلۆنا دەکەون
یاریگا –
خوان لاپۆرتا لە دوای رێککەوتنی لەگەڵ کۆمپانیا عەرەبییەکان، توانی بگەڕێتەوە سەر یاسای 1:1 و ناوی دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆری تۆمار کرد.
بارسێلۆنا لە دوای ئەوەی بەهۆی کێشەی داراییەوە نەیدەتوانی ناوی هەردوو یاریزان دانی ئۆلمۆ و پاو ڤیکتۆر لە لالیگا تۆمار بکات، بڕیاریدا بەشێک لە کورسییە تایبەتەکانی یاریگای کامپ نۆ ( VIP ) بفرۆشێت و دوو وەبەرهێنەری عەرەب کورسییەکانیان کڕی و بەم هۆیەوە توانی یاسای 1:1 جێبەجێ بکات و ناوی یاریزانەکانی تۆمار بکات.
یەکێک لە وەربهێنەرەکان قەتەری بوو و بڕی 75 ملیۆن یۆرۆی لە بەڕامبەر کرینی کورسییەکان دا بە بارسێلۆنا و ئەویتریان سەرمایەدارێکی ئیماڕاتی بوو کە بە پێدانی 400 ملیۆن یۆرۆ بارسێلۆنایان لە قەیران رزگار کرد بەڵام بەهۆی رێکەوتنی تایبەتەوە ناوی وەبەرهێنەرەکانیان ئاشکرا نەکرد.
مێنێل دیل ریۆ، بەڕێوەبەری دارایی بارسێلۆنا سەبارەت بەم بابەتە روونیکردەوە و گوتی:
رێگەیەکی نوێی دەستکەوتنی داهاتمان دۆزیوەتەوە. مۆڵەتی تایبەت دروستکراوە کە رێگە بە کۆمپانیاکان دەدات کورسی VIP بەکاربهێنن. لە ماوەی 30 ساڵدا 660 ملیۆن یۆرۆ داهاتمان دەبێت. ئەمە سەرمایەیەکی نوێیە یانەکەمان بەدەستی دەهێنێت.
خوان لاپۆرتای سەرۆکی بارسێلۆنا سەبارەت بە هاوبەشییان لەگەڵ کۆمپانیاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گوتی:
رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناوچەیەکە سەرەڕای گۆڕانکاری زۆر دەرفەتی هاوبەشی زۆرمان تێدا بۆ دەڕەخسێنێت، هەست بە ئاسوودەیی دەکەین لەگەڵ ئەم وەبەرهێنەرانە کە متمانەیان پێمان هەیە و هاوکارمانن.