ئیسپانیابازاڕی گواستنه‌وه‌راپۆرتی تایبەتگرنگترین

سندووقی گواستنەوەکانی ریال مەدرید؛ مەدرید بڕیاریداوە کێ بگوازێتەوە؟

تەواوی وردەکارییەکانی بازاڕی گواستنەوەی ریال مەدرید لەم راپۆرتەدا بزانە

Yariga App

یاریگا –

  • کەیسی ئارنۆڵد بەکوێ گەیشتووە و دوا هەنگاو چییە؟
  • ئاڵفۆنسۆ دەیڤز وەکو بژاردە سەیر دەکرێت؟
  • کام ناوەڕاستکاری جیهانی پەیوەندی بە ریال مەدرید دەکات؟
  • کێ یانە شاهانەکە جێدەهێڵێت؟

ریال مەدرید، سەرەڕای بوونی چەندین کێشەی قووڵ لە هێڵی ناوەڕاست و بەرگریدا، بەڵام جمووجۆڵی ئەوتۆی لە بازاڕی گواستنەوەی یاریزاناندا نییە.

جیا لە دۆڕانی یاریی کلاسیکۆ لە سوپەری ئیسپانیا، دەنگۆکانی چوونە دەرەوەی ڤینیسیۆس جونیۆر لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ زۆربوون.

تۆڕی ئاتلێتیک بڵاویکردبووەوە، سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعوودیە، لەڕێگەی خولی رۆشنەوە، لە نزیکەوە چاودێری دۆخی ڤینیسیۆس لە ریال مەدرید دەکات.

بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕە ئەمریکییەکە بێت، لە سەرەتای مانگی رابردوودا، پەیوەندیی تەلەفۆنی نوێ لە نێوان نوێنەری سندووقی وەبەرهێنانی گشتی سعوودیە و بەڕێوەبەری کارەکانی ڤینیسیۆس هەبووە.

لەلایەکی دیکەوە، عومەر مغربل، سەرۆکی جێبەجێکاری کۆمەڵەی خولی پیشەگەرانی سعوودی دووپاتیدەکاتەوە، یانەکانی سعوودیە لەڕووی داراییەوە تۆکمەن و لەسەر بنەمای قازانج و سەقامگیری کار دەکەن.

مغربل لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی ئاس رایگەیاند

یانەکانی سعوودیە توانای راکێشانی سەرنجی یاریزانی وەکو ڤینیسیۆس و هاوشێوەکانی هەیە، با بزانین لە کۆتاییدا چی لەبارەی ئەم بابەتە روودەدات.

یانە جیاوازمان لەڕووی توانا و ئاستەوە هەیە، ئەمەش لە هەموو خولێکی جیهانیدا هەیە. یانەکانمان دەتوانن یاریزانی گەورەی نێودەوڵەتی بگوازنەوە.

دۆخی یاریزانە دڵخوازەکانی مەدرید چۆنە؟

ریال مەدرید لە مێرکاتۆی ئەم زستانەدا، تەنیا یەک هەنگاوی فەرمی بۆ گواستنەوەی ترێنت ئالێکساندەر ئارنۆڵد داوە. مەدرید بە فەرمی پرسیاری دۆخی ئارنۆڵدی لە لیڤەرپوول کرد و هەرزوو بە نەخێر وەڵام درایەوە.

تۆڕی ئاتلێتیک بە پشتبەستن بە سەرچاوەیەکی باڵای نێو یانە مەدریدییەکە بڵاویکردووەتەوە، لەوساتەوە هیچ گفتوگۆیەک لەسەر ئارنۆڵد نەکراوە

دۆخەکە ئەوەندە ئاڵۆزە، کەس نازانێت چی روودەدات.

لەلایەکی دیکەوە، گواستنەوەی ئاڵفۆنسۆ دەیڤز بۆ مەدرید قورس بووە و گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکلاییکەرەوە. لە چەند رۆژی رابردوودا، گفتوگۆی زۆر لە نێوان یانە ئەڵمانییەکە و بەڕێوەبەری کارەکانی دەیڤز کراوە و هەنگاوی باش چوونەتەپێش.

بەڕێوەبەری کارەکانی دەیڤز لە کەنەداوە گەشتی میونشنی کردووە، هەموو هەوڵەکانی بۆ تەواوکردنی پڕۆسەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیتی. پێشبینی دەکرێت لەم هەفتەیە دوا کۆبوونەوەی نێوانیان بکرێت. تەواوی ئاماژەکان بە ئاڕاستەی مانەوەی دەیڤزن لە میونشن.

میونشن ئامادەیە مووچەی ساڵانەی دەیڤز بۆ 25 ملیۆن یۆرۆ زیادبکات، بەمەش لەڕووی داراییەوە رێگری لە چوونەدەرەوەی بۆ ریال مەدرید دەکات. بەڵام میونشن دەیەوێت هەرچی زووە گرێبەستەکە یەکلاییبکاتەوە، چونکە لە کۆتایی ئەم وەرزە، گرێبەستەکەی لە ئالیانز ئارێنا بەسەردەچێت.

ریال مەدرید لە هاوینی داهاتوو کەس دەگوازێتەوە؟

مەدرید دەمێکە ئامادەکاری بۆ بازاڕی گواستنەوە دەکات، کێشەی گەورەی لە باڵی راستی بەرگریدا هەیە و ئارنۆڵد بەربژێری سەرەکییە، هەروەها کێشەی لە دڵی بەرگریشدا هەیە و چەندین ناو بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان بەربژێرن.

لەنێو دەستەی کارگێڕی ریال مەدرید گفتوگۆ لەسەر گواستنەوەی مارتن زوبیمێندی دەکرێت، تاوەکو هێڵی ناوەڕاستی مەدرید لە دوای تۆنی کروس رێکبخاتەوە. مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی زوبیمێندی لە ریال سۆسیداد دەگاتە 60 ملیۆن یۆرۆ. لە هاوینی رابردوودا لیڤەرپوول زۆر لە گواستنەوەی نزیکبوو، بەڵام یاریزانەکە لەدوا خوولەکدا بڕیاری مانەوەی لە یانە باسکییەکەدا.

ئامانجەکانی ریال مەدرید و کێشەکانی زۆر روونن، بەڵام هیچ هەنگاوێکی فەرمی نەنراوە و کەس نازانێت بەنیازی چییە.

کێ ریال مەدرید جێدەهێڵێت؟

خێسوس ڤایێخۆ بەربژێری سەرەکییە بۆ جێهێشتنی قەڵای سانتیاگۆ بێرنابیۆ. ڤایێخۆ لەنێو پلانەکانی کارلۆ ئانچێلۆتیدا نییە و گرێبەستەکەی لە هاوینی داهاتوو بەسەردەچێت، بۆیە هەموو ئاماژەکان بە ئاڕاستەی چوونە دەرەوەن.

ڤایێخۆ بەهۆی هەستکردن بە ئازاری ماسوولەکی پێی، لەگەڵ ریال مەدرید گەشتی سعوودیەی نەکرد و بەشداری لە جامی سوپەری ئیسپانیا نەکرد.

بابەتی زیاتر

Back to top button