یاریگا -
لە ئەگەڕی سەرکەوتنی بەرامبەر کارەبا، زاخۆ پێشەنگی خولی ئەستێرەکانی عێراق وەردەگرێت.
لە گەڕی 14ـەی خولی ئەستێرەکانی عێراق، کاتژمێر 5ـی ئێوارە زاخۆ میوانداری کارەبا دەکات، لە ئەگەری سەرکەوتنی زاخۆ لەم یارییەدا ئەوا پێشەنگی یانەکانی خولی ئەستێرەکانی عێراق وەردەگرێت، دهۆک خزمەتێکی گەورەی زاخۆی کرد دوای ئەوەی شکستی بە قوە جەوییە هێنا کە لە سەرووی ریزبەندی یانەکانە بە 28 خاڵ.
زاخۆ و کارەبا 22 یاریی فەرمیان بەرامبەر یەکتر کردووە، زاخۆ لە نۆ یارییدا سەرکەوتنی بە دەستهێناوە و کارەباش چوار یاریی بردۆتەوە و لە نۆ یارییشدا یەکسان بوونە، زاخۆ 28 گۆڵی تۆمار کردووە و کارەباش 21 گۆڵی تۆمار کڕدووە، لە یارییەکی جامی عێراقیش لە ساڵی 2022 بەرامبەر یەکتر یارییان کردووە و کارەبا 2 _ 0 سەرکەوتنی بە دەستهێناوە.
سەرجەم یاریزانانی زاخۆ بۆ یارییەکە ئامادەن، تەنها ئەحمەد یاسین نەبێت کە بە ئەگەرێکی زۆرەوە بەشداری ناکات بە هۆی ئەوەی دوێنێ بە فەرمی پەیوەندی بە یانەکە کردووە، زاخۆ 25 خاڵی هەیە لە ریزبەندی سێیەم دێت، کارەباش بە راهێنەرایەتی وەلی کەریم 15 خاڵی هەیە و لە ریزبەندی 15ـەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق دێت.